Accessibility links

ئەڵمانیا بەڵێنی یەکگرتوویی کۆمەڵەی حەوت دەدات لە دژی ڕووسیا


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت، ئەڵمانیا
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت، ئەڵمانیا

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە ئەڵمانیا کۆدەبنەوە و تاوتوێی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی جەنگەکە بۆ ناو ماڵدۆڤا و ئاسایشی خۆراک دەکەن، ئەڵمانیاش دەڵێت کۆمەڵەکە دەیەوێت " نیشانەیەکی بەهێزی یەکگرتوویی " پیشان بدات دژی ڕووسیا.

کۆبوونەوە ساڵانەییەکە کە تاوەکو ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی بەڕیتانیا و کەنەدا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بە یەکەوە کۆدەتاکەوە. کۆبوونەوەکەش لە قەڵایەکی 400 ساڵەی هاوینەهەواری ڤایسنهۆسی سەر دەریای باڵتیک بەڕێودەچێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک پێش کۆبوونەوەکە وتی وەزیرەکان ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ڕووسیا دەبنەوە بۆ دابەشکردنی جیهان لەسەر ئۆکرانیا.

بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ڕابەری کۆمەڵەی حەوت بەڵێنیاندا دابڕاندنی ڕووسیا لەسەر ئاستی جیهان قوڵتر بکەنەوە، بەڵێنیاندا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکەن.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی زۆر گرنگە فشارەکانی سەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بهێڵدرێتەوە، ئەوەش لە ڕێی ڕەوانەکردنی چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا.

وەزیرانی دەرەوەی ئۆکرانیا و ماڵدۆڤاش بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکانی گەنم و زەیت و سوتەمەنی لە جیهاندا، دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی زیادبوونی نرخی خۆراک بەتایبەتی قەیرانی خۆراک لە ئەفریقا خراپتر دەکات.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا هەناردەکردنی لە دەریای ڕەشەوە ڕاگرتووە، کە ڕێگەیەکی سەرەکی هەناردەکردنی گەنم و شتومەکەکانی دیکەیە.

بێربۆک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە ئێستادا 25 ملیۆن تەن گەنم لە بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیا گیریخواردووە، ئەوەش خۆراکی ملیۆنان خەڵکە لە جیهاندا و پێویستە هەناردە بکرێن، لەسەروو هەمووشیانەوە لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێویستە."

گوتی " لەبەر ئەوەیە ئەمڕۆ پەیامێکی ڕوون دەنێرین، دەتانبینین، گوێمان لێتانە و پشتیوانیتان لێدەکەین."

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان گوتی زۆر گرنگە کۆمەڵەی حەوت دەریبخات کە مۆسکۆ ڕەگی سەرەکی ناسەقامگیری خۆراکی جیهانە.

گوتی " بەردەوام دەبین لە پشتیوانییەکانمان، بەڵام دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ململانێیەکدا بکەین کە بەردەوام دەبێت و کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر ئاسایشی خۆراک دەبێت. دەبێت پیشانی بدەین کە دوژمنکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا قەیرانی خۆراک دەوروژێنێت لە جیهاندا."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەهۆی توشبوونییەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەی کۆبوونەوەکە نابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG