Accessibility links

کۆنگرەی G7 لە ژاپـۆن دەسـت بە کارەکانی دەکات


کۆبوونەوەکانی گروپی حەوت وڵاتە پـیشەسازیـیە مەزنەکەی جیهان G7 لە ژاپـۆن ئەمڕۆ پـێنجشەممە دەسـتیانپـێکرد بە بەشداری براک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا و ڕێبەرانی وڵاتانی ژاپـۆن و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و کەنەدا.

چاوەڕوان‌دەکرێت لەم کۆنگرەیە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تاووتوێی کۆمەڵێـک کێشە و قەیرانی جیهانی بکرێن، لەوانە سستبوونی گەشەکردنی ئابوری جیهانی و نەهێشتنی تێرۆر و ڕێگەکانی لێوەی کۆمەک دەکرێت و قەیرانی کۆچکردن و کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ناکۆکی نێوان چین و دراوسێـیەکانی لە دەریای چین.

شاندی فەڕەنساش کە سەرۆک فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکایەتی دەکات، بە نیازە مەسەلەی چۆنیەتی پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و مۆزخانەکان بهێنێتە بەرباس، لەم سەردەمەی کەوتوونەتە بەر هێرشی تێرۆرستان، لەوانە ئاسەوارە مێژوویـیەکانی تەدمور لە سوریا و تەمبکتۆ لە مالی و مۆزخانەی موسڵ.

هەروەها دۆناڵد توسک سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا کە ئەویش بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکات، داوادەکات گروپەکە دان بەوەدا بنێن کە کێشەی کۆچبەران قەیرانێـکی جیهانیـیە هەرچەندە هۆکاری جوگرافیش هەیە کە وەهای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە بەشی قورسی ئەم ئەرکەی بگرێتەسەرشان.

هاوکاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە لە شاری ئیسی- شیما، هەزاران پـۆلیس و ئاسایش لە وێستگەکانی شەمەندەفەر و بەندەرەکان بڵاوبوونەتەوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ڕێکخستنی هاتوچۆ لە جادەکاندا.

بڕیارە پاش تەواوبوونی کۆنگرەکە لە ڕۆژی هەینی، سەرۆک ئۆباما سەردانی هیرۆشیما بکات، ئەو شارەی لە میانەی شەڕی جیهانی دووەم لە ساڵی 1945 لە لایەن ئەمەریکاوە بەر بۆمبێـکی ئەتۆمی درا.

XS
SM
MD
LG