Accessibility links

شەڕی دژی داعش لە کۆبوونەوەکانی دووشەممەی G7 تاووتوێ‌دەکرێت


ڕێبەرانی وڵاتانی گەورەی پـیشەسازی جیهان کە بە گرووپی 7 ناسراون بۆ ڕۆژی دووەم بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوەکانیان لە کرونی باشوری ئەڵمانیا.

بەپـێی کارنامەی کۆبوونەوەکان بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڕێبەرانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و کەنەدا و ژاپـۆن تاووتوێی مەسەلەی شەڕی داعش لە عێراق و سوریا بکەن بە ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کە لە لایەن ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشتکراوە.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سـپی لەم بارەیەوە گوتی بەشداریکردنی عەبادی لەم کۆبوونەوەیە دەبێتە هەلێـک بۆ جەختکردنەوە لەوەی وڵاتانی ئەندامی گروپەکە بەردەوامن لە پشـتیوانیکردنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش.

چاوەڕوان‌دەکرێت لە پەراوێزی کۆنگرەکە سەرۆک ئۆباما بە جیا لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق کۆبـبێتەوە.

هەروەها لەم کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە چاوەڕوان‌دەکرێت لە بەشێـکی زۆری باس لە مەسەلەکانی تێرۆر و توندڕەوی بکرێن و چۆن یارمەتی وڵاتان بدەن لە گەشەکردنی ئابوریدا.

جێی ئاماژەیە شەش سەرۆکی وڵات و حکومەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی دووشەممە دەکەن.

XS
SM
MD
LG