Accessibility links

کۆمەڵەی حەوت داواکەی پوتن بۆ پێدانی پارەی گازەکەی بە ڕوبڵ ڕەت دەکەنەوە


وەزیری وزەی ئەڵمانیا وتی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت داواکەی کرێملنیان ڕەت کردۆتەوە بۆ پێدانی پارەی گازەکەی بە ڕوبڵی ڕووسی.

وەزیری وزەی ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابیک وتی " سەرجەم وەزیرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەم بڕیارەی ڕووسیا پێشێلکردنێکی ئاشکرای ئەو گرێبەستانەیە کە پێشتر واژۆ کراون." ئەمەش دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی نێوان کۆمەڵەی حەوت و نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا، کە مەبەست لێی وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بوو لەسەر ئەو بابەتە.

هابیک وتی " پێدانی پارەکە بە ڕوبڵ جێی قبوڵکردن نیە، هەروەها داوا لەو کۆمپانیایانە دەکەین کە بڕیارەکە کارییان تێدەکات داواکەی پوتن جێبەجێ نەکەن."

هابیک ئاماژەی بەوەدا " داواکەی پوتن بۆ گۆڕینی گرێبەستەکان بۆ ڕوبڵ مانای ئەوەیە هیچ شتێکی بەدەستەوە نەماوە، ئەگەر نا ئەو داوایەی نەدەکرد." وتیشی ڕووسیا پێویستی بە ڕوبڵە بۆ پشتیوانیکردن لە خەرجییەکانی جەنگەکەی.

پوتن ڕایگەیاند ئەو وڵاتانەی کە " هاوڕێی ڕووسیا " نین دەبێت پارەی گازە ڕووسییەکە بە ڕوبڵ بدەن، لە سەدا 40 ی گاز و لە سەدا 25ی سوتەمەنی ئەوروپا ڕووسیا دابینی دەکات، هاوکات ئەوروپا هەوڵی ئەوە دەدات پشت بەستنی بە گازی سروشتی ڕووسی کەم بکاتەوە.

سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا زیانی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە، هەندێک لە بەرپرسان گومانییان لەوە هەیە داواکەی ڕووسیا بۆ پێدانی پارەی گازەکەی بە ڕوبڵ سەرکەوتوو بێت.

هابیک وتی " هەوڵەکەی پوتن بۆ دابەشکردنمان ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام وەکو لەم یەکگرتوویی و سووربوونە مەزنەمانەوە دەیبینن دابەش نابین."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ڕووسیا هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا ڕادەگرێت ئەگەر پارەکەی بە ڕوبڵ نەدەن، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " ئاشکرایە بەخۆڕایی گاز نادەین، لەم بارودۆخەی ئێمەدا مەحاڵە و پەسەند نیە خێرخوازی بۆ ئەوروپا بکەین."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG