Accessibility links

کۆنگرەی G20 لە هامبورگی ئەڵمانیا دەستیپێـکرد

  • VOA News

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پـێشوازی لە ڕێبەر و سەرۆک حکومەتەکانی وڵاتانی ئەندامی گروپی 20 کرد، هاوکاتی ئەوەی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی گەورە لە دژی گروپەکە سازدەکرێن.

ئەنگێلا مێرکڵ ئەمڕۆ هەینی لە کاژمێر 11 ی پـێش نیوەڕۆوە دەسـتیکرد بە پـێشوازی لەو ڕێبەرانە کە بە دوای یەکدا دەگەیشتنە هۆڵی کۆنگرەکە لە شاری هامبورگ.

چاوەڕوان‌دەکرێت لە کۆنگرەکە چەندان بابەتی گرنگ تاووتوێ بکرێن، لەوانە چۆنیەتی نەهێشتنی تێرۆرزم، گۆڕانی کەش و هەوا، گەشەی ئابوری و ئازادی بازرگانی.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی کۆنگرەکە لەسەر تویتەری خۆی نووسیویەتی "ئەمڕۆ چاومان لە ڕێـیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەرانی جیهان، لەوانە ڤلادیمیر پـوتن. زۆر بابەت هەن وتووێژیان لەسەر بکەین."

لە نووسینێـکی دیکەیدا سەرۆک ترامپ دەڵێت "بە باشی نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان دەکەم و لە پـێناو بەرژەوەندیـیەکانی هەوڵ دەدەم! دەزگا ڕاگەیاندنە ساختەکان هەرگیز بە دوروستی ڕووماڵی هەواڵەکانم ناکەن بەڵام کێ گرنگی بەوە دەدات! ئێمە ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە."

بەر لە دەسـتپـێکردنی کۆنگرەکە سەرۆک ترامپ چاوی بە سەرۆکی ڕووسیا کەوت و بۆ یەکەم جار تەوقەیان لەگەڵ یەکتر کرد.

دیمتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملین بە ڕۆژنامەوانانی گوت هەردوو سەرۆک گوتوویانە لەم زووانە پێـکەوە کۆبوونەوەیەک سازدەکەن.

هاوکاتی چاوپێکەوتنی ڕێبەران لە هۆڵی کۆنگرەکە، بە سەدان خۆپـیشاندەر لە دەرەوەی شوێنی کۆنگرەکە گردبوونەوە بۆ ڕێگەگرتن لە سازکردنی و بۆ ئەم مەبەستە هەستان بە سووتاندنی چەندان ئۆتۆمبیل لە ناوچەی جیاجیای شارەکە، بەڵام هێزەکانی پـۆلیس توانیان لە شوێنە گرنگەکاندا بڵاوەیان پـێبکەن.

پـۆلیس دەڵێت لە میانەی توندوتیژی خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوو 111 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و پـۆلیس برینداربوون و 29 کەس دەسـتگیرکراون و 15 کەسیان لە زیندان هێشتوونەتەوە. پـێشبینی دەکرێت نزیکەی 100 هەزار خۆپـیشاندەر کە زۆربەیان لە چەپـڕەوەکانن بەشداری لەو ناڕەزایەتیـیانە بکەن.

جێی ئاماژەیە G20 لە ساڵی 1999 وە لە کۆنگرەی هەشت وڵاتە پـیشەسازیـیە گەورەکەی جیهان لە واشنتن دامەزرا، ئەمەش پاش ئەوەی کۆمەڵێـک قەیرانی دارایی لە ساڵانی نەودەکانی سەدەی ڕابردوو جیهانی گرتەوە.

ئەندامانی گروپەکە بریتین لە (ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، یەکێتی ئەوروپا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ژاپـۆن، بەڕازیل، ئیتالیا، ئەفریکای باشور، کۆریای باشور، ئەندەنوسیا، مەکسیک، عەرەبستانی سعودیـیە، تورکیا، هیندستان، ئەرجەنتین).

XS
SM
MD
LG