وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌ڕه‌نسا ڕایگه‌یاند هێرشێـکی ئاسمانی چڕ و توندی کردووه‌ته سه‌ر شوێنه‌کانی داعش له شاری ڕه‌ققه‌ی سوریا و له ئاکامدا ناوه‌ندێـکی فه‌رمانده‌یی و بنکه‌یه‌کی مه‌شق و ڕاهێنانی داعشی وێرانکردووه.
شه‌وی یه‌کشه‌ممه وه‌زاره‌ته‌که له به‌یانـنامه‌یه‌کدا گوتی 12 فڕۆکه‌ی جه‌نگی فه‌ڕه‌نسایی که 10 فڕۆکه‌یان بۆمب هاوێژ بوون 20 بۆمبی گه‌وره‌یان بۆ سه‌ر ئامانجه‌کانیان له‌و شاره به‌رداوه‌ته‌وه.
ئامانجه‌کانیش بریتیبوون له ناوه‌ندێـکی فه‌رمانده‌یی و بنکه‌یه‌کی مه‌شق و ڕاهێنان و عه‌مبارێـکی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی.
هه‌روه‌ها به‌یانـنامه‌که گوتی بۆردومانه‌کان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا کراون و فڕۆکه‌کان له بنکه‌کانیان له ئوردن و ئیمارات هه‌ستاون.
جێی ئاماژه‌یه فڕانسوا ئۆلاند سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا له پاش هێرشه تێرۆرستیـیه‌کانی شه‌وی هه‌ینی پاریس گوتی وڵاته‌که‌ی بێ به‌زه‌یـیانه کاردانه‌وه‌ی ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی له پشـت ئه‌و هێرشانه‌وه بوون که بوونه مایه‌ی کوژرانی 129 که‌س و برینداربوونی زیاتر له 350 که‌سی دیکه.
داعش به‌رپـرسیارێـتی خۆی له هێرشه‌کان ڕاگه‌یاند و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی تێرۆرستی دیکه‌ی کردووه له دژی فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانی دیکه‌ی ڕۆژئاوایی.