وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس پاڕلی وتی لە ئەرکێکی پاراستندا لە باکووری مالی سەربازێکی فەڕەنسی مردووە، بەمەش کۆی ئەو سەربازانەی فەڕەنسا کە لە ئەرکە سەربازیەکاندا لە مالی کوژراون بەرزبۆوە بۆ 53 سەرباز.
پاڕلی وتی " سەربازەکە ئادریان کوێڵن دوابەدوای ڕووداوێک لە میانەی ئەرکێکی پاراستندا لە تیمبوکتو مردووە."
وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا گابرێل ئەتاڵ بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەڕەنسای وت لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
لە ساڵی 2013 ەوە کاتێک فەڕەنسا هێزی دژە تیرۆری ڕەوانەی ناوچەی ساحیل کرد، تاوەکو ئێستا 53 سەربازی فەڕەنسی کوژراون، لەو ماوەیەدا هێزەکانی فەڕەنسا توانیویانە گروپە چەکدارە ئیسلامیەکان دووربخەنەوە کە شار و شارۆچکەکانی باکووری مالییان کۆنتڕۆڵکردبوو.
لەم ساڵدا فەڕەنسا دەستیکرد بە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا، تاوەکو ساڵی 2023 فەڕەنسا هێزەکانی لە ناوچەکەدا لە 5000 سەربازەوە کەم دەکاتەوە بۆ 2,500 - 3000 سەرباز.
سەرچاوە/ فرانس پرێس