Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی لە ئۆکرانیا کوژرا


فرێدریک لوکلێرک ئیمهۆف
فرێدریک لوکلێرک ئیمهۆف

کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەڕەنسی بی ئێف ئێم دەڵێت ڕۆژی دووشەممە ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی تەمەن 32 ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراوە، لەکاتێکدا کە ڕووماڵی ئەرکەکانی گواستنەوەی ئۆکرانییەکانی کردووە، پارچەیەکی بەهۆی بۆردومانەکانەوە بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

کەناڵەکە وتی فرێدریک لوکلێرک ئیمهۆفی ڕۆژنامەنووس لە کاتێکدا کە " ڕووماڵی ئەرکێکی مرۆیی کردووە لە ئوتومبێلێکی زریپۆشدا " لەنزیک سیێڤیێرۆدۆنێتسک کوژراوە. شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی هەرێمی دۆنباس ڕووبەڕووی شەڕێکی سەختی نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بووەتەوە. لوکلێرک بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ کەناڵە فەڕەنسییەکە کاریکردووە.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی " ئەو لە ئۆکرانیا بوو تاوەکو ڕاستیی جەنگەکە بخاتەڕوو. لە پاسێکی مرۆییدا بووە لە پاڵ ئەو هاوڵاتیە مەدەنییانەی کە ناچار بوون لە دەست بۆمبەکانی ڕووسیا هەڵبێن، لێیدرا و گیانی لەدەستدا."

ماکرۆن سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزان و هاوڕێ و کەسوکاری لوکلێرک کرد و وتی " فەڕەنسا بەبێ مەرج پشتیوانی تەواو لەو کەسانە دەکات کە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان لە بارودۆخی سەختدا کاردەکەن."

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا وتی " فەڕەنسا داوا دەکات بەزووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون لەسەر چۆنێتی ڕوودانی ئەم تراجیدیایە ئەنجام بدرێت."

لە ماوەی ڕابردوودا فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسکی سێرهێی هایدای مەرگی لوکلێرکی ڕاگەیاند، وتی هێزەکانی ڕووسیا تەقەیان لە ئوتومبێلێکی زریپۆش کردووە کە ئوتومبێلەکە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارهێندراوە.

وتی " پارچەی بۆمبەکان ئوتومبێلە زریپۆشەکەی بڕیوە و بە سەختی ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی بریندارکردووە کە ڕووماڵی ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیانی کردووە، پارچەکە لە ملی داوە."

هایدای وتی بەهۆی هێرشەکەوە ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕاگیراون.

ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ئانتۆن گیراشچینکۆ وتی ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی فەڕەنسی و ئافرەتێکی ئۆکرانی برینداربوون کە ئەویش لەگەڵیاندا بووە.

وتیشی تەرمی لوکلێرک گواستراوەتەوە بۆ شاری باخموتی ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیا، دواتریش لەوێوە دەگوازرێتەوە بۆ شاری دنیپرۆ و شیکاری بۆ لاشەکەی دەکرێت.

وتیشی ئەو پاسەوانەی کە لەگەڵ ئوتومبێلەکەدا بووە پارچە بەر سەری کەوتووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازیی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG