Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی فەڕەنسا درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە وڵاتەکەی پەسەند دەکات

  • VOA News

پەرلەمانتارانی فەڕەنسا لە ئەنجومەنی نوێنەران شەوی سێشەممە بە دەنگی 228 بەرامبەر 32 جارێکی دیکە دەنگیان دا بۆ درێژکردنەوەی باری نائاسایی، ئەوەی زیاتر لە ساڵێـکە لە پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکانی پاریس لە وڵاتەکەیاندا پەیڕەو دەکرێت.

بەپـێی پـرۆژە بڕیارەکە، هەتا 15 ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو، باری نائاسایی‌ درێژەی پـێدەدرێت‌، واتە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکە.

ئەگەر بێت و ئەنجومەنی سینات پەسەندی بکات کە شتێـکی چاوەڕوانکراوە، ئەوا دەبێتە پـێنجەمین جار‌ باری نائاسایی لەو‌ وڵاتە درێژبکرێتەوە، لەوەتا فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا یەکەم جار لە 13 ی مانگی یازدەی ساڵی 2015 ڕایگەیاند‌. هەروەها یەکەم جارە‌ لە پاش 60 ساڵ بۆ ماوەی 20 مانگ لەسەر یەک وڵاتەکە بخرێتە ژێر باری نائاسایـیەوە.

لە ئێستادا دەبێت ئەنجومەنی سینات بەر لە 22 ی ئەم مانگی دوازدەیە پـرۆژە بڕیارەکە پەسەند بکات، واتە بەر لە کۆتایی‌هاتنی ماوەی بڕیارەکەی پـێشوو.

یاساکە ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدات ئازادیـیەکان سنوورداربکەن بەبێ ئەوەی مۆڵەت لە دادگاکان وەربگرن، هەروەها پـشکنینیش ئەنجام بدەن و قەدەغەی گەشتکردن بەسەر کەسانی گومانبار بسەپـێنن و چاودێری شوێنە هەستیارەکان بکەن. لەگەڵ ئەمانەش پـۆلیسی زیاتر لەسەر جادە و شەقامەکان بڵاودەکرێنەوە و لەگەڵ سەرباز بە چەکی لەشکریـیەوە.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوو چەندان یاری وەرزشی ئەنجام نەدران و پـێشەنگا نەکراونەتەوە، وەک بەشێـک لەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی لە شیانی هێرشی تێرۆرستی. ئەمەش وایکردووە ڕێژەی گەشتیاران بۆ ئەو وڵاتە کەم ببێتەوە.

XS
SM
MD
LG