Accessibility links

لایەنە سەرەکیـیەکانی لیبیا لە پاریس بە ڕێکەوتنێک دەگەن


چوار لایەنە سەرەکیـیەکەی لیبیا ئەمڕۆ سێشەممە لە پاریس بە ڕێکەوتنێک گەیشتن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە کۆتایی ئەمساڵدا.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە دەبێت هەموویان پابەندبن بەوەی هەتا 16 ی مانگی نۆ بە یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردنەکان دەگەن وە لە 10 ی مانگی دوازدە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەنجام دەدرێن.

هەروەها نوێنەرانی هەر چوار لایەنەکە واژویانکرد کە هێزەکانی ئاسایشی لیبیا بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپـرسیارێتی باری ئاسایشی پـرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە ئەستۆ دەگرن و لە کۆتایشدا هەموویان بە ئەنجامەکان قایل دەبن.

لە ڕێکەوتنەکە باس لەوەش کراوە بانکی ناوەندی و هەموو دامودەزگا ئاسایشیـیەکان یەکبخرێن.

ئەم ڕێکەوتنە پاش ئەو کۆنگرە نێودەوڵەتیـیە بوو کە ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا (ئیلیزێ) بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.

ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کۆنگرەکەی بە مێژووی ناودێرکرد و گوتی ئەمە هەنگاوێکی سەرەکیـیە بە ئاڕاستەی ئاشتەوایی لە لیبیا.

پاشان لە میانەی گرتنی وێنەی بە کۆمەڵ، داوای لە لایەنەکان کرد بە دەمی خۆیان پابەندبوونیان بە ڕێکەوتنەکە ڕابگەیەنن و ئەوانیش لای خۆیانەوە داواکەیان جێبەجێ کرد و ماکرۆن دەستخۆشی لێکردن.

لەوەتای لە ساڵی 2011 وە کۆتایی بە ڕژێمی موعەممەر قەزافی هاتووە، بێ سەروبەری لیبیا گرتووەتەوە و هەر ناوچەیەکی بەدەست لایەکەوەیە.

XS
SM
MD
LG