Accessibility links

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت ژمارەی ڕۆژنامەوانانی دەسـتگیرکرا لە جیهاندا زیادیکردووە


ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت ژمارەی ڕۆژنامەوانی دەسـتگیرکراو لە جیهاندا لە ساڵی 2016 زیادیکرووە و بە تایبەتی لە تورکیا کە لەسەرووی لیستەکەدایە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی کە ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی ژمارەی ڕۆژنامەوانان لە زیندانەکانی جیهان گەیشتووەتە 348 ڕۆژنامەوان، لەوانە زیاتر لە 100 کەسیان لە زیندانەکانی تورکیادان. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2015 بە ڕێژەی 6% زیادیکردووە.

جگە لە حکومەتەکانی جیهان، گروپ و تاقمی جیاجیاش ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردووە و هەندێـکیان وەکو بارمتە گرتوون، لەوانە داعش 21 ڕۆژنامەوانی بردووە کە 10 یان لە عێراق بوون، حوسیـیەکانی یەمەن 15 ، بەرەی نوسرە و باڵەکانی تری قاعیدە 3 و لایەنی نەزانراو 13 ڕۆژنامەوانیان بردووە.

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات لە ئەمساڵدا 21 ڕۆژنامەوانی ژن خراونەتە زیندانەوە کە دوو لەسەر سێـیان لە تورکیادان. ساڵی 2015 تەنها 5 ڕۆژنامەوانی ژن لە زینداندا بوون.

کریستۆف دیلوار سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە دەڵێت تورکیا بووە بە گەورەترین زیندان بۆ پـیشەی ڕۆژنامەگەری. دەشڵێت لە سایەی بێ دەنگی ئەوروپا، حکومەتی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەی یەک ساڵدا ڕاگەیاندنی نەیاری لە وڵاتەکەدا نەهێشتووە.

بەڵام سەرەڕای ئەم ڕەخنانە ڕێکخراوەکە تورکیای لە پلەی 151 هەمین بۆ خراپی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا داناوە. لیستەکە 180 وڵاتی تێدایە و ئەریتیریا لە ڕیزبەندی 180 هەمیندایە و پاشان کۆریای باکور و تورکمانستان.

سوریا لە پـلەی 177 ، ئێران 169 ، عێراق 158 .

هەروەها ڕێکخراوەکە باسی لە ئێران و میسر و چین کرد کە ئەوانیش دوو لەسەر سێی ئەو 348 ڕۆژنامەوانەیان خستووەتە زیندانەوە.

جگە لە دەسـتگیرکردن، ڕۆژنامەوانان دووچاری ڕفاندن و کوشتنیش بوونەتەوە. لە ماوەی ئەمساڵی 2016 یە 58 ڕۆژنامەوان لە جیهاندا کوژراون لەگەڵ 8 کارمەندی دەزگای ڕاگەیاند و 9 چالاکوانی سەر ئنتەرنێت، لەوانە 11 لە سوریا و 7 لە عێراق و یەکێـک لە تورکیا.

ڕێکخراوەکە داوایکرد نوێنەرێـکی تایبەت بۆ کاروباری سەلامەتی ڕۆژنامەوانان دابنرێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەبێت.

XS
SM
MD
LG