کاربەدەستانی فەڕەنسا دەڵێن کەسێک کە ئیدیعای کردووە سەر بە داعشە تەقەی لە 4 پـۆلیس کردووە بەر لەوەی بەرەو فرۆشگایەک بڕوات و ژمارەیەک کەس بە بارمتە بگرێت.
هێرشبەرەکە ئەمڕۆ هەینی بە هاواری "الله اکبر" خۆی کردبوو بە نێو فرۆشگایەک لە ناوچەی تخێبی نزیک شاری کاغکەسۆن لە باشوری ڕۆژئاوای فەڕەنسا و لە پاش کوشتنی کارمەندێکی فرۆشگاکە، خەڵکەکەی بە بارمتە گرتبوو.
کاربەدەستان دەڵێن بەر لەوەی هێرشبکاتە سەر فرۆشگاکە لە ناوچەیەک لە دوری 8 کیلۆمەتر هەوڵی داوە بە ئۆتۆمبیل 4 پـۆلیسی دژە تێرۆر بکات بەژێرەوە کە لە کاتی وەرزشدا بوون بە جلوبەرگی سیڤیلیـیەوە، پاشان تەقەی لێکردوون و هەڵهاتووە.
پاشان هێزەکانی ئاسایش و پـۆلیس ڕووبەڕووی هێرشبەرەکە بوونەوە و لە سەرئەنجام کوژرا.
دەڵێن هێرشبەرەکە تەمەنی لە سیـیەکاندا بووە و بە ڕەچەڵەک مەغربیـیە و پـێشتر لە نێو لیستی ئەو کەسە توندڕەوانەدا بووە کە گومانیان لێدەکرێت بەرەو توندوتیژی بڕۆن. دەشڵێن داوایکردبوو سەڵاح عەبدولسلام ئازادبکرێت، ئەوەی تاکە کەس بوو لەوانەی هێرشەکانی ساڵی 2015 ی پاریسیان ئەنجام دا و نەکوژرا، بەڵام پاشان دەستگیرکرا.