Accessibility links

ماکرۆن پەیمانی ڕیفۆرمی پەیوەندییەکانی نێوان موسڵمانەکان و وڵاتی فەڕەنسا دەدات


سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت حکومەتەکەی لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی بنچینەیی بۆ ڕیفۆرمێکی تەواوەتی ژیان و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی موسڵمانەکان لە فەڕەنسادا.

ئیمانوێل ماکرۆن لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی "جۆرنال دو دیمانچ" جەختی لەوە کردۆتەوە دەخوازێت کۆتایی بەو مشتومڕە بێنێت لە سەرانسەری فەڕەنسادا کە بەهۆی هێرشەکانی چەند ساڵی ڕابردووی جیهادیەکانەوە لە وڵاتەکەدا دروست بووە.

سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت ئەو ریفۆرمانەی لەم چوارمانگەی یەکەمی ئەمساڵی 2018 یەدا دەستپێدەکەن ژمارەیەک بوار دەگرێتەوە لەوانە؛ شەڕی دژی ئیسلامیە فەندەمێنتاڵیەکان، پێکهاتەی ڕێکخراوە ئیسلامیەکان و هەروەهاش ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی موسڵمانان لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگەی فەڕەنسادا. ماکرۆن دەڵێت هێشتاش بەرنوسی ڕیفۆرمەکە لە تاووتوێدایە، هەر بۆیەشە خۆی لاداوە لە وەلامی ئەوپرسیارانەی تایبەتن بە وردەکاری ئەو پڕۆژەی ڕیفۆرمکردنە، وەک دەڵێت کە تەواو بوو ئەوجا وردەکارییەکان ئاشکرا دەکات.

سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت ڕوناکبیران و ئەکادیمیستیەکانی وڵاتەکەی لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکانیاندان تا بنەمای ڕیفۆرمەکە دابڕێژن.

لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا کاتێک سەرۆکی فەڕەنسا میوانداریی ڕێبەرانی ئاینی کرد لە وڵاتەکەیدا، نەیشاردەوە کە دەخوازێت دەستەیەک بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆژەیەیدا پێکبهێنرێت. ماکرۆن دەشخوازێت پێکهاتەی ئەنجومەنی موسڵمانان بگۆڕدرێت کە ڕێکخراوێکی نا حکومی قازانج نەکەرە و لە ساڵی 2003 دا دامەزراوە، بەڵام تا ئێستاش کاریگەری وڵاتە گەورە ئیسلامیەکانی لەسەرە.

XS
SM
MD
LG