Accessibility links

فەڕەنسا: کشانەوەی ئەمەریکا و هێرشی تورکیا لە سوریا ڕێکخراوی داعش بەهێز دەکەن


وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس پاڕلی
وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس پاڕلی

وەزیری بەرگری فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا فەڕەنسا لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمەریکادا چاودێری باکووری سوریا و ئەگەری هێرشی تورکیا دەکات بۆ سەر ئەو ناوچانە، چونکە ئەم کارە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ڕێكخراوی داعش.

وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس پاڕلی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەبێت زۆر وریا بین چونکە لەم جۆرە جوڵانە کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوپەیماێتی دژ بە داعش ناگونجێن لەوانەیە ببنە هۆی بەهێزبوونی ڕێکخراوەکە لەجیاتی ئەوەی بێهێزی بکەن یاخود لەناوی ببەن."

پاڕلی وتی " زۆر سوور دەبین لەسەر ئەوەی ئەم کشانەوە ئاشکرایەی ئەمەریکا و ئەگەری هێرشی تورکیا لەو ئامانجە لانەدەن کە هەموومان هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوەش بەرەنگاربوونەوەی داعشە، هەروەها ئەمە کارێکی مەترسیدار دەبێت بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە."

فەڕەنسا بە هەستیارییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێکخراوی داعشدا دەکات دوای ئەوەی کۆمەڵێک هێرشی کوشندەی گەورە لە فەڕەنسا ڕوویاندا، بەرپرسانی فەڕەنسی پێیان وایە داعش هێشتا هەڕەشەیە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا دەستی کرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمەش ڕێگە بۆ تورکیا خۆشدەکات تاوەکو هێرش بکاتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG