Accessibility links

فەڕەنسا خۆشحاڵە بە نەکشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێراندا


فەڕەنسا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بڕیاری سەرۆک دانۆڵد ترامپ کردووە سەبارەت بە نەکشانەوە لەو ڕێککەوتنە ناوکییەی خواستە ناوکییەکانی ئێران سنوردار دەکات، وێڕای داواکانی پێشتری سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەی کراوە.

ژان ئیڤ لۆدغیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردووە، دەڵێت جێی سەرنجە کە سەرۆک ترامپ ڕێککەوتنەکەی هەڵنەوەشاندەوە، هەرچەندە ژمارەیەک داوای دیاریکراویشی هەبووە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا تیشکی خستە سەر پشتیوانی پاریسیش بۆ ئەو ڕێککەوتنە و بە هەنگاوێکی گرنگیشی ناودێرکرد بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی.

پێشتر یەکێتی ئەوروپا جەختی کردبووەوە لەوەی ناکرێت جارێکی تر دانوستاندن لەسەر ئەو ڕێککەوتنە بکرێتەوە.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی 2015 ی نێوان زلهێزەکانی جیهان و کۆماری ئیسلامی ئێران، تاران قایل بوو بەوەی بەرنامە ناوکییەکەی سنوردار بێت لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێونەتەوەییەکان لەسەر ئێران.

XS
SM
MD
LG