وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان لە میانەی یەکەمین پەیوەندی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن جەختی لە پێویستی بەردەوامی پێدان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش کردەوە لە عێراق و سوریادا.
لۆدغیان ئاماژەی بە " گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر " لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی ساحل.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێش دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ژمارەی سەربازانی ئەمەریکای لە عێراق کەمکردەوە بۆ 2500 سەرباز.
فەڕەنسا نیگەرانە سەبارەت بە بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریادا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بەشدارە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیەدا.
لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن جەختی لە ئارەزووی وڵاتەکەی کردەوە بۆ " بەردەوامی پێدان بە هاریکارییە پتەوەکان لەگەڵ فەڕەنسادا " لە بابەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەکان لە ناوچەی ساحلدا. بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی نەدا.
جێی ئاماژەیە سوپای ئەمەریکا پشتیوانییەکی هەواڵگری گرنگ لە ئەرکی بورخانی فەڕەنسی دەکات لە ناوچەی ساحل، بەتایبەتی لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هەروەها پێدانی سوتەمەنی بە فڕۆکەکان لە ئاسماندا و کارە لۆجیستیەکانی دیکەی ئەرکەکە.
لە سەرەتای ساڵی 2020 دا بەڕێوبەرایەتیەکەی ترامپ ڕایگەیاند بەنیازە بوونی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفریقا کەم بکاتەوە، ئەمەش فەڕەنسای نیگەران کرد لەوەی ئەمەریکا یارمەتییەکانی بۆ فەڕەنسیەکان لەو ناوچەیەدا کەم بکاتەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس