Accessibility links

فەڕەنسا دڵنیایی دەداتە ئۆکرانیا و دەڵێت بەشێک دەبێت لە یەکێتی ئەوروپا


وەزیری فەڕەنسا بۆ کاروباری ئەوروپا وتی لە کۆتاییدا ئۆکرانیا دەبێتە بەشێک لە یەکێتی ئەوروپا.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێشنیاری دامەزراندنی " کۆمەڵگەیەکی سیاسیی ئەوروپی " کرد کە تیایدا ڕێگە بدرێت هاریکارییەکی نزیکتر بکرێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە هەوڵی چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا دەدەن.

وەزیری فەڕەنسا بۆ کاروباری ئەوروپا کلێمێنت بیون بە ڕۆژنامەنووسانی وت " من باوەڕم وایە ئۆکرانیا دەبێتە بەشێک لە یەکێتی ئەوروپا. بەڕاستی دەزانین کە ئەوە کاتی دەوێت و لەم کاتەشدا ناتوانین ڕێگە بەخۆمان بدەین تەنها چاوەڕێ بکەین."

وەزیرەکەی فەڕەنسا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا بۆ کاروباری ئەوروپا و یەکگرتنی یۆرۆ – ئەتڵانتیک ئۆڵگا ستێفانیشینادا وتی هەنگاوی دواتر تاوتوێکردنی وردەکاریی دەستپێشخەرییەکەی فەڕەنسا دەبێت بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی ئەوروپی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانماندا.

لە ماوەی ڕابردوودا بیون وتی پڕۆسەی بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕەنگە 15-20 ساڵی پێبچێت، ئەوەشی خستەڕوو پڕۆژەکەی فەڕەنسا " جێگرەوەی ئەندامێتی ئۆکرانیا نیە لە یەکێتی ئەوروپادا."

کۆمەڵێک وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی فەڕەنسادا کردووە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی وردەکارییەوە. کیێڤیش نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی ڕەنگە ئەمە وەکو جێگرەوەیەک بێت بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا.

لە مانگی شەشدا کۆمسیۆنی ئەوروپا کە باڵی جێبەجێکاری یەکێتییەکەیە، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە داواکەی ئۆکرانیا بۆ چوونە پاڵ یەکێتییەکە دەخاتەڕوو، بەڵام ئەگەر پەسەندیش بکرێت، پڕۆسەکە چەند ساڵێکی پێدەچێت و دەکرێت لەلایەن وڵاتێکی ئەندامەوە ڤیتۆ دژی بەکاربهێندرێت.

ستێفانیشینا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بیون وتی دڵنیایی دراوەتێ کە بیرۆکەکەی فەڕەنسا کار ناکەتە سەر کاندید بوونی ئۆکرانیا بۆ چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG