Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت لەگەڵ ئەڵمانیا و بەڕیتانیادا گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە پێکهێنانی ئەركێکی چاودێری لە کەنداو


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوروپادا قسە دەکات بۆ باشکردنی ئاسایشی دەریایی لە کەنداو، بەڵام لێدوانەکانی لۆدغیان نەگەیشتە ئەو ئاستەی پشتیوانی لە داواکەی بەڕیتانیا بکات بۆ پێکهێنانی هێزێکی دەریایی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.

لۆدغیان لەبەردەم ئەندامانی پەرلەماندا وتی هێورکردنەوەی گرژییەکان پێویستە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئێران دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی بەڕیتانیادا لە تەنگەی هورموز، لەندەنیش ئەم کارە بە " چەتەی نێودەوڵەتی " ناودێر دەکات.

وتی " لەبەرئەوە ئێمە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی دەستپێشخەرییەکی ئەوروپیی لەگەڵ بەڕیتانیا و ئەڵمانیادا، ئەمەش بەمەبەستی هەبوونی ئەرکێکی چاودێری ئاسایشی دەریایی لە کەنداو."

لە نۆی مانگی حەوتدا ئەمەریکا داوای کرد هەوڵەکان چڕتربکرێنەوە بۆ توندکردنەوەی ئاسایشی ئاوە ستراتیژییەکانی بەردەم ئێران و یەمەن، ئەمەریکا ئێران و بریکارەکانی تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکان لەو ناوچەیەدا، ئێرانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

لۆدغیان وتی " ئەوە پێچەوانەی سیاسەتی ئەمەریکایە کە توندترین فشاری خستۆتە سەر ئێران تاوەکو تاران پاشگەزبێتەوە لە کۆمەڵێک ئامانج کە هەیەتی."

وتیشی " لەم بابەتەدا دەبێت فراوانتر بڕۆین و بیر لە بەرنامەیەکی هاوبەش بکەینەوە لە کەنداو."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG