وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی پێویستە لەسەر ئەوروپا بە یەکگرتوویی بمێننەوە لە هەوڵیاندا بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران، ئاماژەشی بەوەدا دەبێت تاران پاشگەزبێتەوە لەو بڕیارەی کە داویەتی و دەڵێت پابەند نابێت بە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە.
لە بنکەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکلس، لۆدغیان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێویستە لەسەر ئەوروپییەکان یەکگرتووییان بپارێزن لەم بابەتەدا."
وتیشی بڕیاری ئێران بۆ کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا وەکو " وەڵامدانەوەیەکی خراپ و بڕیارێکی خراپ وایە."
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت وتی هێشتا کات ماوە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکە و وتیشی وڵاتەکەی هاوڕا نیە لەگەڵ ئەمەریکادا لە شێوازی مامەڵەکردنیدا لەگەڵ ئێران.
لە هەمان کۆبوونەوەدا وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت وتی " هێشتا ساڵێک لەبەردەم ئێراندا ماوە بۆ ئەوەی بۆمبی ناوەکیی بەرهەم بهێنێت، بەڵام هەلێکی کەم هەیە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز