وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی ئەو بۆردومانە کوێرانەیەی هێزەکانی ڕوسیا و سوریا و ئێران ئەنجامی دەدەن لە پارێزگای ئیدلب لەوانەیە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.
لۆدغیان لە پەرلەمانی فەڕەنسادا وتی " ناکرێت ئەگەری تاوانی جەنگ لاببرێت، ئەگەر هاتوو دەست بکەن بە بۆردومانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و نەخۆشخانەکان."
نزیکەی 3 ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی لە ئیدلبدا دەژین کە کۆتا شوێنی گەورەی سوریایە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندا مابێت و سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بەڵێنیداوە بە پشتیوانی ڕوسیا و ئێران کۆنتڕۆڵی پارێزگاکە بکاتەوە.
جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جار نیە فەڕەنسا هۆشیاری بداتە ئەسەد و ڕوسیا و ئێران لەسەر ئەوەی ئەرکە سەربازییەکانیان لەوانەیە بگاتە تاوانی جەنگ.
لۆدغیان وتی " ڕەوشەکە زۆر مەترسیدارە. ئێمە لەسەر لێواری کارەساتێکی مرۆیی و ئاسایشی گەورەداین."
وتیشی دەبێت بەخێڕایی هەوڵ بدرێت بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ قەیرانێکی مرۆیی ئەگەر بێتوو شەڕەکان ببنە هۆی ئەوەی هەزاران کەس ئاوارە ببن.
سەرچاوە. ڕۆیتەرز