Accessibility links

فەڕەنسا لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکات بە تۆمەتی کۆمەککردنی داعش


فەڕەنسا لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی دەسـتپـێکردووە سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کۆمپانیای لافارگ- هۆلسیم ی فەڕەنسایی سویسری کراوە بەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کۆمەکی داعشی لە سوریا کردووە.

داواکاری گشتی ئەمڕۆ سێشەممە لە پاریس گوتی 3 دادوەر بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دانراون کە یەکێـکیان تایبەتە بە نهێشتنی تێرۆرزم و دووانەکەی دیکە شارەزای لایەنی دارایین.

بەپـێی سکاڵاکە بەر لەوەی هەردوو کۆمپانیای لافارگ و هۆلسیم ببن بە یەک کۆمپانیا، کۆمپانیای لافارگ لە نێوان هەردوو ساڵی 2013 و 2014 لە پـێناو بەردەوامبوونی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا پارەی بە داعش داوە، بەمەش کۆمەکی داعشی کردووە و ژیانی خەڵکیشی خستووەتە بەر مەترسیـیەوە.

کۆمپانیای لافارگ- هۆلسیم لای خۆیەوە ئەمڕۆ لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ لێپێچینەوە ئەگەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت و گوتی هێشتا لە بارەی کەیسەکەوە پەیوەندی پـێوە نەکراوە.

مانگی یەک سەرچاوەیەکی نزیک لە کەیسەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت حکومەتی فەڕەنسا سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیای لافارگ تۆمارکردووە بە تۆمەتی کڕینی نەوتی داعش بۆ وەگەڕخستنی کارگەی جەلابیە کە دەکەوێتە 150 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب. هەر بەپـێی هەمان سەرچاوە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی کراوە لەگەڵ سێ بەڕێوەبەری لافارگ.

سەرەتای مانگی سێ لافارگ دانی‌نا بەوەی لقەکەی لە سوریا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پارەی داوە بە گروپی چەکدار لەوانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ئەمەش لە پـێناو بەردەوامبوونی کاری کارگەکەی و کرێکارەکانی بتوانن بە سەلامەتی هاتوچۆ بکەن و هەروەها بتوانرێت کەرەستە بۆ کارگەکە ڕەوانەبکرێت و بەرهەمەکەی بفرۆشن.

کۆمپانیای لافارگ لە ساڵی 2007 ئەو کارگەیەی لە سوریا کڕیبوو و ساڵی 2014 دایخست بەر لەوەی لە ساڵی 2015 لەگەڵ کۆمپانیای هۆلسیم ببن بە یەک کۆمپانیا.

XS
SM
MD
LG