Accessibility links

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا: گرنگە لە سوریا سەلامەتی کوردەکان مسۆگەربکرێت


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت سەربازانی فەڕەنسایی لە سوریا دەکشێنەوە کاتێک چارەسەرێکی سیاسی لەو وڵاتە بێتە دی.

ژان ئیف لۆدغیان ئەمڕۆ پـێنجشەممە کە لێدوانی بۆ کەناڵی سینیوزی فەڕەنسایی دەدا، گوتیشی "گرنگە سەلامەتی کوردەکان مسۆگەر بکرێت کە باشترین هاوپەیمانمانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش."

خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی لە بەرامبەر ئەوەی ئەمەریکا بڕیاری داوە کشانەوەکە بە خاوی ئەنجام بدرێت. گوتی پـێدەچێت ئەمە لە ئاکامی ئەو فشارە جۆراوجۆرانە بووبێت کە کراونەتە سەر سەرۆکی ئەمەریکا، لەوانە فشاری فەڕەنسا. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا چەند جارێک لەم بارەیەوە وتووێژی لەگەڵ سەرۆک ترامپ کردبوو.

لۆدغیان هوشدارییشی دا کە کوردەکانی سوریا ناتوانن بەردەوامبن لە زیندانیکردنی ئەندامانی داعش و دادگاییکردنیان ئەگەربێت و تورکیا هێرشبکاتە سەریان.

فەڕەنسا مەترسی هەیە ئەو ئەندامە داعشە ئەوروپایـیانەی لەلایەن هێزە کوردیـیەکانەوە دەسـتگیرکراون بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، بە تایبەتی فەڕەنسایـیەکانیان.

XS
SM
MD
LG