Accessibility links

فەڕەنسا تاووتوێی وەرگرتنەوەی داعشە فەڕەنسایـیەکان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات


فەڕەنسا دەڵێت تاووتوێی وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی دەکات کە بووبوون بە داعش و ئێستا لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە سوریا دەستگیرکراون.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی"بەهۆی بڕیارەکانی ئەمەریکا و ئەو پـێشهاتە لەشکریـیەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئارادایە، وە لە پـێناو سەلامەتی فەڕەنسایـیەکان، بڕیارمان دا تاووتوێی هەموو بژارەکان بکەین بۆ ڕێگەگرتن لە هەڵهاتنی ئەو کەسە مەترسیدارانە."

دەشڵێت ئەگەربێت و ئەو هێزانەی دەستگیریانکردوون بڕیاربدەن بیاننێرنەوە فەڕەنسا، ئەوا دەستبەجێ فەڕەنسا دەستگیریان دەکات.

پـێشتر کاربەدەستانی فەڕەنسا لەگەڵ ئەوەدا نەبوون ئەو ژن و پـیاوە فەڕەنسایـیانەی پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبوو بگەڕێنرێنەوە بۆ فەڕەنسا، دیانگوت ئەوانە لە عێراق و سوریا تاوانیان ئەنجامداوە بۆیە دەبێت لەو دوو وڵاتە دادگایی بکرێن. بەڵام گوتیان منداڵەکانیان وەردەگرنەوە.

سەرچاوەیەک لە دەزگا ئاسایشیـیەکانی فەڕەنسا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە 130 فەڕەنسایی گەڕێنراونەتەوە و نزیکەی 70 بۆ 80 منداڵیان لە نێودایە.

لە ئێستادا فەڕەنسا مەترسی هەیە لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، دەستگیرکراوە فەڕەنسایـیەکان ئازادبکرێن و بگەڕێنەوە فەڕەنسا و مەترسی بۆ سەر وڵاتەکە دروستبکەن.

بەپـێی ئامارەکانی حکومەتی فەڕەنسا، مەزەندەدەکرێت لە ساڵی 2014 هەتا ساڵی 2018 نزیکەی 1700 هاوڵاتی فەڕەنسایی ڕوویان لە عێراق و سوریا کردبێت بۆ پەیوەندیکردن بە گروپە توندڕەوەکانەوە، وە نزیکەی 300 کەسیان لە شەڕەکاندا کوژراون. بەڵام بەپـێی وەزارەتی داد نزیکەی 260 کەسیان گەڕاونەتەوە و 200 کەسیان دادگایی کراون.

XS
SM
MD
LG