Accessibility links

فەڕەنسا و سعودیە بەڵێن دەدەن بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ گەشەپێدان و یارمەتیدانی لوبنان تەرخان بکەن


لوبنان
لوبنان

باڵیۆزخانەی فەڕەنسا وتی ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا و سعودیە پێکەوە پشتیوانییەکی دارایی خۆیان بۆ گەشەپێدان و یارمەتیدانی لوبنان ڕاگەیاند، بەڵێنیاندا لە سەرەتادا 30 ملیۆن دۆلار بۆ ئاسایشی خۆراک و کەرتی تەندروستی لوبنان تەرخان بکەن.

پشتیوانییە داراییەکە ئاڕاستەی پڕۆژە مرۆییەکان دەکرێت بۆ دابینکردنی یارمەتیە بەپەلەکانی وەکو خۆراک بۆ ئەو دانیشتوانەی لوبنان کە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان، باشکردنی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری تەندروستی و پشتیوانیکردن لە نەخۆشخانە گشتییەکانی شاری تەڕابلسی باکووری لوبنان.

لوبنان لەنێوەندی خراپترین قەیراندایە کە لە دوای شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەوە لە ساڵەکانی نێوان 1975 – 1990 ەوە نەبیندراوە. قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی 2019 ی لوبنان بووە هۆی دابەزینی دراوی وڵاتەکە بۆ ئاستێکی پێوانەیی، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەی خستە هەژارییەوە و زۆرێکیش کۆشش دەکەن تاوەکو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەکو خۆراک و دەرمان دابین بکەن.

ڕاگەیاندنی پشتیوانییە داراییە هاوبەشەکە دوای گەڕانەوەی باڵیۆزی سعودیە بۆ لوبنان دێت کە ماوەی پێنج مانگە لەو وڵاتە هاتۆتە دەرەوە، هۆکارەکەشی ناکۆکییەکی سیاسیی بوو لەنێوان لوبنان و سعودیەدا سەبارەت بە زیادبوونی کاریگەرییەکانی حیزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لە لوبناندا.

فەڕەنسا ڕابەرایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ لوبنان و هەوڵیشیداوە سعودیە بەشدار بێت لەو یارمەتییانەدا.

پشتیوانییە داراییە سەرەتاییەکە نیو بە نیو دابەش دەکرێت بەسەر دەزگای پەرەپێدانی فەڕەنسی و ناوەندی یارمەتیە مرۆییەکانی شا سەلمانی سعودیەدا.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی ئەو پارەیە بەکاردەهێنرێت بۆ یارمەتیدانی 7,500 کەس و دابینکردنی شیری منداڵان بۆ ئەو خێزانانەی پێویستییانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG