Accessibility links

سەرۆکی پـێشووی فەڕەنسا لە لایەن پـۆلیسەوە دەستبەسەردەکرێت


میدیاکانی فەڕەنسا دەڵێن نیکۆلای سارکۆزی سەرۆکی پـێشووی وڵاتەکەیان لە لایەن پـۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی پەیوەست بەو ڕاپـۆرتانەی دەڵێن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2007 موعەممەر قەزافی ڕێبەری پـێشووی لیبیا پارەی بۆ ناردووە.

سەرچاوەیەک ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە دوو پـۆلیس لە ئۆفیسی ناوەندی نەهێشتنی گەندەڵی بۆ یەکەم جار لێکۆڵینەوە لەگەڵ سارکۆزیدا دەکەن. لەوەتای مانگی چواری ساڵی 2013 دەزگاکانی فەڕەنسا لێکۆڵینەوە لەم کەیسەدا دەکەن.

سارکۆزی تەمەن 63 ساڵ هەتا ئێستا ڕەتی کردبووەوە ئامادە بێت بۆ وەڵامدانەوەی پـرسیاری لێکۆڵەرەوان لە کەیسەکەدا و دەڵێت تۆمەتێکە لە لایەن ئەندامانی پـێشووی نێو ڕژێمەکەی قەزافی بۆی هەڵبەستراوە پاش ئەوەی بڕیاری دابوو وڵاتەکەی بەشداربێت لە هەڵمەتی لەشکری بۆ کۆتایی‌هێنان بە ڕژێمی قەزافی.

سەیف ئەلئیسلامی کوڕی قەزافی کە لە ئێستادا لە لیبیا دەستگیرکراوە، کاتی خۆی لە پاش لادانی باوکی لە دەسەڵات گوتی"دەبێت سارکۆزی ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە کە لە لیبیای وەرگرتبوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی."

هەروەها لە میانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2012 ، ماڵپەڕی میدیاپارت بەڵگەنامەیەکی سەردەمی قەزافی بڵاوکردەوە کە تیایدا موسا کوسا سەرۆکی دەزگای ئاسایشی دەرەوەیی لیبیا ڕەزامەندی لەسەر پـێدانی 50 ملیۆن یورۆی دابوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سارکۆزی لە ساڵی 2007 دا.

لەگەڵ ئەمانەش، زیاد تەقی کارداری فەڕەنسی بە ڕەچەڵەک لوبنانی بۆ چەند میدیایەکی فەڕەنسی ڕاگەیاندبوو کە لە کۆتایی ساڵی 2006 هەتا سەرەتای ساڵی 2007 سێ گەشتی لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیاوە بۆ پاریس ئەنجامداوە و لە هەر گەشتێکیدا جانتایەکی لەگەڵ خۆیدا بردووە کە لە نێوان 1.5 ملیۆن یورۆ بۆ 2 ملیۆن یورۆیان لە نێودابووە. گوتوشیەتی عەبدوڵڵا سنوسی سەرۆکی هەواڵگری لەشکری لیبیا پارەکانی داوەتێ.

XS
SM
MD
LG