Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت 2 کەسی دەسـتگیرکردووە کە بە نیازی هێرشی تێرۆرستی بوون

  • VOA News

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت هێزەکانی پـۆلیس دوو کەسیان دەسـتگیرکردووە کە بە نیازبوون لەم زووانە هێرشێـکی تێرۆرستی لە ناو وڵاتەکە ئەنجام بدەن.

ماتیاس فیکل ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی 2 توندڕەوی ئیسلامی، یەکێکیان لە دایکبووی ساڵی 1987 و ئەوی دیکەیان ساڵی 1993، بە نیازبوون لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو هێرشێکی توند لەسەر خاکی فەڕەنسا ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەردووکیان فەڕەنسین، بەڵام نەیگوت بە ڕەچەڵەک چین.

کاربەدەسـتانی پـۆلیس دەڵێن لە شاری مارسیل لە باشوری فەڕەنسا دەستگیرکراون و گومان دەکرێت بە نیازبووبن لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کە ڕۆژی یەکشەممە سازدەکرێت هێرشە ئەنجام بدەن.

دەشڵێن ئەپارتمانێکیان بە کرێ گرتبوو و پـۆلیس پشکنیویەتی و چەک و تەقەمەنی تیایدا دۆزیوەتەوە. باس لەوەش دەکەن لە هەفتەی ڕابردووەوە لە ژێر چاودێریدابوون و پـۆلیس وێنەی هەردووکیانی دابوو بە دەستەی پاسەوانی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی.

مارین لوپـێن کاندید ڕاستڕەو بۆ سەرۆکایەتی لەم بارەیەوە دەڵێت دەستەی پاسەوانیـیەکەی لە ڕۆژی پـێنجشەممەی ڕابردووەوە وێنەکانی پـێگەیشتبوو.

XS
SM
MD
LG