Accessibility links

کەسێک لە فەڕەنسا دایکی و خوشکی دەکوژێت و داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لێ ڕادەگەیەنێت


داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشەی ئەمڕۆ پـێنجشەممەی فەڕەنسا ڕاگەیاند، ئەوەی کەسێک لە پاریسی پایتەخت بە چەقۆ دایکی و خوشکی کوشت و پاشان بە دەستی هێزەکانی ئاسایش کوژرا.

کاربەدەستانی فەڕەنسا دەڵێن بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی کامیکلۆدێلی ناوچەی تخاپی ڕۆژئاوای پاریس پـیاوێک کە تەمەنی لە سیـیەکاندابوو بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دایکی و خوشکی و هەردووکیانی کوشت. هەروەها کەسێکی دیکەی بە سەختی بریندارکردووە. پاشان کە هێزەکانی پـۆلیس ڕووبەڕووی بوونەتەوە هاواری کردووە "الله اکبر"، بەڵام دواتر کوژراوە.

کاربەدەستان هەرچەندە هێشتا ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێن ئەم تاوانکارە لە ساڵی 2016 وە لە لیستی ئەو کەسانەدا بووە کە گومانیان لێدەکرێت جێی مەترسی بن.

هێشتا ڕوون نیـیە ئایا کێشەی کۆمەڵایەتی یان ئامانجی تێرۆرستی لە پشـت هێرشەکەوە بووە، بەڵام داعش لە ڕێگەی میدیاکەی بە ناو ئەعماق هێرشبەرەکەی بە چەکدارێکی خۆی ناودێرکرد کە پەلاماری هاوڵاتیانی وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشی داوە.

شەوی چوارشەممە لەسەر ئنتەرنێت وتارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە، گوایە هی ئەبو بەکر بەغدادی ڕێبەری داعشە، تیایدا داوا لە لایەنگرانی داعش دەکرێت هێرشی زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG