Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا: وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورە دەبێتەوە


سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورە بووەتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی شەوی دووشەممە کەسێـکی توندڕەو ئەفسەرێکی پـۆلیس و هاوژینەکەی لە نزیک پاریسی پایتەخت کوشت.

فڕانسوا ئۆلاند ئەمڕۆ سێشەممە گوتی تاوانی کوشتنی ئەو پـۆلیسە و هاوژینەکەی بێ گومان کارێـکی تێرۆرستیـیە، بۆیە لە هەموو شوێنێـک هەڕەشەیەکی ئێجگار زۆر هەیە و دەبێت هەموو تواناکانی پـۆلیس و هەواڵگری بخەینەگەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە.

هەروەها بێرنار کازنۆڤ وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ئەویش کوشتنکاریـیەکەی بە هێرشێـکی تێرۆرسـتی قێزەوەن ناودێرکرد و گوتی ئەمە نیشانی دەدات هێزەکانی ئاسایش چ باجێـکی گەورە دەدەن بۆ پاراستنی فەڕەنسایـیەکان.

جێی ئاماژەیە شەوی دووشەممە لە ناوچەی مانیانڤیڵی نزیک پاریس کەسێـکی توندڕەوی ئیسلامی بە ناوی ئەلعەروسی عەبدوڵڵا کە پـێشتر پەیوەندی بە جیهادیـیەکانی پاکسـتان و ئەفغانسـتان هەبووە، بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ئەفسەرێـکی پـۆلیس کە جلوبەرگی سیڤیلی لە بەردابووە و لە کاتی کاردا نەبووە و کوشتوویەتی و پاشان خۆی کردووە بە ئەپارتمانی ئەفسەرەکە و هاوژینەکەی و منداڵێـکی سێ سـاڵانەی بە بارمتە گرت. دواتر هێزکانی ئاسایش گەمارۆی ناوچەکەیان دا و هەوڵیان لەگەڵ دا خۆی ڕادەستبکات، بەڵام قایل نەبوو و ناچار هێزەکانی ئاسایش پەلاماری شوێنەکەیان دا و لە پـێـکدادان لەگەڵیاندا کوژرا.

پـۆلیس تەرمی هاوژینی ئەفسەرەکەیان بە کوژراوی بینیـیەوە کە بە چەقۆ لە ملی درابوو.

سەرچاویەکی لە پـۆلیس بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند ئەلعەروسی لەو کاتەی قسەیان لەگەڵدا کردبوو خۆی بەدەسـتەوە بدات، گوتویەتی ئەو کەسێـکی سەر بە داعشە. گەواهیدەران دەڵێن ناوبراو هاواری "الله اکبر" ی کردووە لەو کاتەی بە چەقۆ لە سکی ئەفسەرەکەی دابوو.

داواکاری گشتی پاریس دەڵێت ئەلعەروسی بۆ ماوەی 12 خولەک بەخۆی ڤیدیۆی کوشتنکاریـیەکەی گرتووە و لەسەر فەیسبوکەکەی بڵاوی کردووەتەوە.

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG