وەزیری تەندروستی فەڕەنسا فرانسوا براون دەڵێت نزیکەی 1700 کەس لە فەڕەنسا توشی ئاوڵەی مەیمون بوون.
براون گوتی تاوەکو ئێستا حکومەتی فەڕەنسا 100 ناوەندی وەرگرتنی ڤاکسینی بۆ ئاوڵەی مەیمون کردۆتەوە و زیاتر لە 6000 کەس ڤاکسینی خۆپاراستنیان لە نەخۆشییەکە وەرگرتووە.
هەروەها داوای لەو نەخۆشانەش کرد کە برین یاخود نیشانەکانی دیکەیان هەیە، بەزووترین کات خۆیان بەدووربگرن لە خەڵکانی دیکە.
براون گوتیشی پێی وانیە ئەمە هەڕەشەیەکی گەورە بێت بۆ سەر خەڵکەکە بەگشتی، وتیشی حکومەت سەنگ دەخاتە سەر هەڵمەتی پێدانی ڤاکسین بەو کۆمەڵە خەڵکانەی کە ئەگەری زۆر هەیە توشی نەخۆشییەکە بن.
گوتی " ئەوانەی توش دەبن زۆرینەیان ئەو پیاوانەن کە پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ پیاوانی دیکەدا هەبووە، بەڵام ئەگەر کەسێکی دیکە بەرکەوتنی لەگەڵ بلۆقی سەر پێستی نەخۆشێکی ئاوڵەی مەیموندا هەبێت ئەوا دەکرێت توش ببێت."
گوتیشی زۆربەی حاڵەتەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە لە پاریس بوون، ئاماژەشی بەوەدا لەم هەفتەیەدا ناوەندێکی گەورەی کوتان لە پاریس دەکرێتەوە.
ڕۆژی شەممە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون بارودۆخێکی لەناکاوی تەندروستییە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 16,000 حاڵەتی توشبوون بەو نەخۆشییە لە زیاتر لە 75 وڵاتدا تۆمارکراون، پێنج حاڵەتی گیان لەدەستدانیش لە ئەفریکا تۆمارکراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
فەڕەنسا: نزیکەی 1700 کەس لە وڵاتەکە توشی ئاوڵەی مەیمون بوون
