Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا: هیچ جێگرەوەیەکی شەرعی بۆ ئەسەد نابینم

  • VOA News

سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت هیچ جێگرەوەیەکی شەرعی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا نابینێت و ئیدی فەڕەنسا مەسەلەی وازهێنانی ئەسەد لە دەسەڵات ناکاتە مەرجی پـێشەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا کە شەش ساڵە درێژەی کێشاوە.

ئیمانۆئێل ماکرۆن لە چاوپـێکەوتنێـکیدا لەگەڵ هەشت ڕۆژنامەی ئەوروپایی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێـکی بڵاوکرایەوە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی" تێڕوانینی نوێم لەم بارەیەوە ئەوەیە ناڵێم ڕۆیشتنی بەشار ئەسەد مەرجی پـێشەکیـیە بۆ هەموو شتێـک، چونکە جێگرەوەیەکی شەرعی بۆی نابینم."

گوتیشی بەڵێ ئەسەد دوژمنی خەڵکی سوریایە، بەڵام دوژمنی فەڕەنسا نیـیە، وە بۆ پاریس ئەوە گرنگە کە وابەستەی تەواوی هەبێت بە شەڕی دژی گروپە تێرۆرستیـیەکان و مسۆگەری بکات سوریا نابێتە وڵاتێـکی شکستخواردوو.

ئەم لێدوانەی ماکرۆن کە لەگەڵ بۆچوونەکانی مۆسکۆ یەکدەگرێتەوە، زۆر جیاوازە لەو تێڕوانینانەی بەڕێوەبەرایەتی پـێشووی فەڕەنسا لە بەرامبەر ڕژێمی ئەسەددا هەیبوو.

XS
SM
MD
LG