Accessibility links

ماکرۆن هەوڵدەدات ڕوونکردنەوەیەکی دەستبکەوێت لەسەر نیازەکانی پوتن بەرامبەر ئۆکرانیا


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی ڕۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا هەوڵدەدات ڕوونکردنەوەیەکی دەستبکەوێت سەبارەت بە نیازەکانی ڕووسیا بەرامبەر ئۆکرانیا، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی ترس و نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەرلین جەختیان لە پشتیوانی خۆیان کردەوە بۆ ئۆکرانیا، هەروەها جەختیان لە هەڵوێستی خۆشیان کردەوە سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا باجێکی گەورە دەدات.

سەرۆکی فەڕەنسا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەر لە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان سەبارەت بە ڕێکەوتنی نۆرماندی کۆبوونەوە، ڕێکەوتنی نۆرماندی ڕاوێژکارانی سیاسیی ڕووسیا و ئۆکرانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەخۆدەگرێت و ڕۆژی چوارشەممە لە پاریس کۆدەبنەوە.

ماکرۆن وتی هیوادارە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ پوتندا ببێتە هۆی " دەستکەوتنی ڕوونکردنەوەیەک."

ڕۆژی دووشەممە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاند هێزەکانی لە ئامادەباشیدا دەبن و هێزی پشتیوانی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات، هاوکات کەشتی و فڕۆکەی جەنگی دیکەی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

بەڵام ئەڵمانیا جیاواز لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا ڕەتی دەکاتەوە چەک بۆ ئۆکرانیا بنێرێت، ئەمەش وایکرد شۆڵز باس لە پشتیوانییەکانی دیکەی ئەڵمانیا بکات بۆ ئۆکرانیا.

شۆڵز وتی " کارێکی زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی چالاک پشتیوانی لە گەشەی ئابووری و دیموکراسی لە ئۆکرانیا بکەین." وتیشی هێشتا هۆکاری مێژوویی هەن بۆ ڕەوانە نەکردنی چەکی کوشندە بۆ ئەو ناوچانەی جەنگییان تێدایە.

وتی " هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەین، بۆ نموونە، ئۆکرانیامان دڵنیا کردۆتەوە لەوەی هەمیشە وەکو وڵاتێک دەمێنێتەوە کە گازی لێوە تێپەڕببێت. ئۆکرانیا دەزانێت دەتوانێت پشت بە ئەڵمانیا ببەستێت."

جێی ئاماژەیە پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی ئەگەر چالاک بکرێت ئەوا گازی ڕووسی ڕاستەوخۆ هەناردەی ئەڵمانیا دەکات، بەمەش چیتر ئەو گازەی ڕووسیا بە ئۆکرانیادا تێپەڕنابێت و ئۆکرانیاش ئەو پارەیە لەدەست دەدات کە بۆ تێپەڕبوونی گازەکە پیایدا وەریدەگرت.

پڕۆژەکە لە ئێستادا تەواو بووە و ڕووسیا چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەڵمانیا پەسەندی بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا پڕۆژەکەی پەسەند نەکردووە و وڵاتانی ڕۆژئاواش دەڵێن ئەڵمانیا دەتوانێت ئەو بابەتە وەکو کارتێکی فشار دژی ڕووسیا بەکاربهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG