سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوای کرد دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان " نوێ بکرێنەوە " و ئاماژەی بەوەدا " ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەمڕۆدا چیتر چارەسەری پێویست بەرهەم ناهێنێت."
لە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژدا لەگەڵ ماڵپەڕی " لو گران کونتینان " ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا " دەبێت ئاگاداری ئەوە بین چوارچێوەکانی هاریکاریکردنی هەمە لایەنانە لەمڕۆدا لاوازە چونکە کۆسپی لەبەردەمدایە."
وتیشی " ناچارم بڵێم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چیتر لەمڕۆدا چارەسەری پێویست بەرهەم ناهێنێت، ئێمە هەموو بە هاوبەشی بەرپرسین کاتێک قەیرانەکان زیاد دەبن، بۆ نمونە قەیرانەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی."
جگە لە کۆنگرەکەیان لە مانگی چواردا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە هەریەک لە وڵاتانی ئەمەریکا و چین و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ڕوسیا بە هەمیشەیی ئەندامن تیایدا، بێدەنگیان هەڵبژاردووە لەسەر قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خراپترین قەیرانی تەندروستیە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕووبەڕووی جیهان بووبێتەوە.
ماکرۆن وتی لەبەردەم ئەم ڕاستیەدا " ئاڕاستە " ڕاستەکە لە ئێستادا ئەوەیە " لەڕووی سیاسییەوە دەبێت ئەوروپا بونیاد بنێین و پتەوی بکەین چونکە ئەگەر بمانەوێت هاریکاری دروست بکەین ئەوا دەبێت هێزە هاوسەنگەکان بتوانن ئەم هاریکارییە دروست بکەن، ئەوەش مانای ئەوەیە هێزە جیاوازەکان بتوانن گفتوگۆ بکەن تاوەکو پێکەوە بڕیارەکان بدەن."
ئاماژەشی بەوەدا " دەبێت سەرکەوتوو بین لە دووبارە داهێنانەوەی شێوازە بەسوودەکانی هاریکاری و سەرکەوتوو بین لە نوێکردنەوەی دامەزراوەکان و دووبارە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ پەیوەندییەکان."
سەرۆکی فەڕەنسا جەختیشی لەوە کردەوە " بەتەواوەتی دژی " ئەو نوسراوەیە کە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئانیگرێت کرامب کارینپاوەر لە ماڵپەڕی " پۆلێتیکۆ یۆروپ " بڵاویکردۆتەوە و تیایدا هاتووە دەڵێت " خەونەکانی سەربەخۆیی ستراتیژی ئەوروپا دەبێت کۆتای پێبێت، ئەوروپییەکان ناتوانن ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەمەریکا ببینن لە ئاسایشی جیهاندا."
ماکرۆن وتی " پێم وایە ئەوە شیکردنەوەیەکی هەڵەیە بۆ مێژوو، بە خۆشحاڵیەوە ئەگەر بەباشی تێگەیشتبێتم دەزانم کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ هەمان ئەو بۆچوونەی نیە."
وتی " بۆچوونی من ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە لەگەڵ خۆماندا جددی نەبین و نەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین ئەوا ئەمەریکا ڕێزمان لێناگرێت."
وتیشی " پێم وایە گۆڕانی بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا هەلێکە تاوەکو بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و هێمن بەردەوام بین، ئەوەی کە هاوپەیمانان دەبێت لێی تێبگەن ئەوەیە ئێمە دەبێت بەردەوام بین لەوەی خۆمان سەربەخۆیی خۆمان بونیاد بنێین، وەکو چۆن ئەمەریکا بۆ خۆی دەیکات، وەکو چۆن چین بۆ خۆی دەیکات."
سەرچاوە/ فرانس پرێس