بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی سەرکردەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا " سوپای نیشتیمانی لیبیا" خەلیفە حەفتەر بە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی ڕاگەیاندووە ڕەوشەکە لەبار نیە بۆ وەستاندنی شەڕ بەڵام ئامادە دەبێت بۆ گفتوگۆکردن ئەگەر لەو جۆرە بارودۆخە بڕەخسێت.
ماکرۆن و بەرپرسانی فەڕەنسا چەند هەفتەیەکە داوای وەستاندنی شەڕی نێوان هێزەکانی حەفتەر و حکومەتی لیبیا دەکەن کە مانگی ڕابردوو دەستی پێکرد و حەفتەر هێرشی کردە سەر تەڕابلسی پایتەختی لیبیا.
بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی " ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە لە هەموو کاتێک زیاتر لایەنەکانی لیبیا متمانەیان بەیەکتر نیە."
وتیشی " کاتێک پێشنیاری وەستاندنی شەڕ کراوە، حەفتەر وتوویەتی ( ئەمڕۆ لەگەڵ کێدا قسە بکەین بۆ وەستاندنی شەڕ؟)"
وتیشی " ئەو پێی وایە ملیشیاکان دەسەڵاتیان گرتووە بەسەر حکومەتی لیبیادا (بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیری لیبیا فائیز سەراج)." وتیشی " ناکرێت لەگەڵ نوێنەری ئەو میلیشیایانەدا وتوێژ بکەین."
بەرپرسەکە وتی ماکرۆن داوای لە حەفتەر کردووە بە ئاشکرا هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی شەڕ و حەفتەریش لە وەڵامدا وتوویەتی پێویستیەک هەیە بۆ گفتوگۆی سیاسیی و ئامادەیە ئەوە بکات ئەگەر بارودۆخەکە بڕەخسێت بۆ وەستاندنی شەڕ.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز