Accessibility links

فەڕەنسا بیر لەوە دەکاتەوە تانکی لوکلێرک بدات بە ئۆکرانیا


تانکی لوکلێرک
تانکی لوکلێرک

سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ئیلیسابێث بۆرن دەڵێت فەڕەنسا بەردەوامە لە تاوتوێکردنی ئەگەری ڕەوانەکردنی تانکی قورسی لوکلێرک بۆ ئۆکرانیا.

تانکە فەڕەنسییەکە هاوشێوەی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانییە کە بەرلین ڕازیبوو ڕەوانەیان بکات بۆ ئۆکرانیا، بەڵام لوکلێرکەکان تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی کەمییان لە بەردەستدان و ئاستەنگی نوێی جیاواز لە پاراستنی کارە لۆجیستیکییەکانیدا دروست دەکات.

بۆرن کاتێک پرسیاری لێکرا لە پەرلەمانی فەڕەنسادا، وتی " سەبارەت بە تانکەکانی لوکلێرک، بەردەوامین لە تاوتوێکردنی شیکارییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی هێزە چەکدارەکاندا. پرسی یارمەتیدانی ئۆکرانیا سنووردار نیە بەمەوە یاخود بەو چەکەوە."

فەڕەنسا پێشتر سیستمی تۆپهاوێژی پێشکەوتووی سیزار و سیستمی بەرگری ئاسمانی کرۆتالی داوە بە ئۆکرانیا، لەمدواییانەشدا بەڵێنیدا تانکی سووکی ئەی ئێم ئێکس 10 ئاڕ سی زیاتر و چەندین چەکی دیکە بدات بە ئۆکرانیا.

لەگەڵ ئەوەدا کە ئێستا ئەڵمانیا لیۆپاردەکانی دەدات بە ئۆکرانیا و ئەمەریکاش تانکی ئابرامزی دەداتێ، سەرنجەکان دەکەونە سەر فەڕەنسا لەسەر ئەوەی ئاخۆ ڕەوانەکردنی لوکلێرکەکان بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات یاخود نا.

بەرپرسانی باڵای بەرگری فەڕەنسا گومانییان هەیە لەسەر ئەوەی تانکەکە یارمەتیدەر بێت بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا دەبێت مەشق لەسەر چەندین چەکی ئاڵۆزی ڕۆژئاوا بکەن.

سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " هیچ ناڕەزاییەکی سیاسیی نیە. ئێمە تەنها بیر لەوە دەکەینەوە کە ئایا لوکلێرکەکان دەبنە جامێکی ژەهراوی یاخود نا."

فەڕەنسا نزیکەی 200 تانکی لوکلێرکی هەیە، کە لەلایەن گروپی بەرگری سیستمی ناکستەرەوە بەرهەم دەهێندرێن.

تانکی لوکلێرک توانای هاوشێوەی تانکی لیۆپاردی 2 ی هەیە، دەتوانێت لە دووری 4 کیلۆمەترەوە ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام هیچ سوپایەکی دیکەی ئەوروپا بەکاری ناهێنێت، ئەوەش بە پێچەوانەی لیۆپاردەکانەوە کە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەکاری دەهێنن.

سەرچاوەیەکی بەرگری فەڕەنسا وتی " ئۆکرانیا هەوڵی لوکلێرکەکان نادات، زیاتر هەوڵی سیزارەکان و کرۆتالەکان دەدات."

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی یەکشەممە مەرجەکانی بۆ دابینکردنی تانکی قورس بۆ ئۆکرانیا ڕوون کردەوە، وتی لە ئێستادا " هیچ شتێک بە دوور نازانین."

وتیشی هەر بڕیارێک بۆ دابینکردنی ئەو تانکانە پێویست ناکات پەرە بە جەنگەکە بدات، بەڵکو دەبێت سوودێکی " ڕاستەقینە و کاریگەری " هەبێت بۆ ئۆکرانیا و نابێت تواناکانی بەرگری فەڕەنسا کەم بکاتەوە.

پاریس ستایشی بڕیارەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەڵمانیای کرد بۆ دابینکردنی تانکی لیۆپاردی 2 بۆ ئۆکرانیا.

وتەبێژێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی " فەڕەنسا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەڵمانیا دەکات کە پشتیوانییەکانی ئێمە فراوانتر و زیاتر دەکات لەگەڵ ئەوەدا کە تانکی ئەی ئێم ئێکس 10 ئاڕ سیمان داوە بە ئۆکرانیا."

سەرچاوەکانی بەرگری فەڕەنسا بە فرانس پرێسیان وتووە پاریس هێشتا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئیتاڵیادا سەبارەت بە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی مامبا بۆ ئۆکرانیا و تاوتوێی دابینکردنی موشەکی کرۆتالی زیاتر دەکات بۆ ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG