Accessibility links

کەسوکاری داعشە فەڕەنسایـیەکانی لە سوریا دەستگیرکراون داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن


کەسوکاری داعشە فەڕەنسایـیەکانی لە لایەن هێزە کوردیـیەکانی سوریاوە دەسـتگیرکراون داوا لە حکومەتەکەیان دەکەن ئەو خزمانەیان بهێننەوە بۆ فەڕەنسا، دەڵێن چونکە هیچ ئومێدێکیان نیـیە دادپەروەرانە دادگایی‌بکرێن بەو پـێیەی لە شوێنێکدا دەسـتگیرکراون کە لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە دانی‌پیادە نەنراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6 خێزانی فەڕەنسایی سکاڵایان تۆمارکردووە سەبارەت بەو ژن و منداڵانەی لە لایەن هێزەکانی کوردی سوریاوە دەسـتگیرکراون لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش. ئەم سکاڵایە پاش هەفتەیەک دێت لەوەی دوو فەڕەنسایی ناسراون بەوەی ئەندامی داعش بوون، چاوپـێکەوتنی تەلەفیزیۆنیان لەگەڵدا کرا و تیایدا پەشیمانی خۆیان دەربڕی لەوەی پەیوەندیـیان بەداعشەوە کردبوو و گوتیان لە لایەن هێزەکانی یەپەگەوە مامەڵەیەکی باش دەکرێن. ئیمیلی کۆنینگ و توما باغنوا لە نێو ئەو داعشانەدا بوون کە مانگی ڕابردوو لە سوریا دەسـتگیرکران.

خانم فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە میانەی وتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی لیبراسیۆنی فەڕەنسایی گوتی هیچ هۆکارێک نیـیە بۆ هێنانەوەی جیهادیـیەکان بۆ فەڕەنسا تاوەکو دادگایی‌بکرێن، هێزە کوردیـیەکان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانیاندا بکەن. بەڵام گوتیشی حکومەتی فەڕەنسا بە پـێی توانای خۆی یارمەتی دەدات لە گەڕاندنەوەی منداڵەکانیان بۆ فەڕەنسا.

XS
SM
MD
LG