Accessibility links

نوێنەری فەڕەنسا بۆ ئیتاڵیا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆما


باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە ڕۆما

وەزیری فەڕەنسا بۆ کاروباری ئەوروپا وتی نوێنەری پاریس بۆ ئیتاڵیا ڕۆژی هەینی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆما، ئەمەش دوای ئەوەی سیاسەتمەدارانی ئیتاڵیا زنجیرەیەک تۆمەتیان خستەپاڵ فەڕەنسا لەم مانگەدا و دواتر نوێنەرەکەی پاریس بانگهێشت کرایەوە بۆ فەڕەنسا.

فەڕەنسا لە 7 ی مانگی دوودا بۆ یەکەمین جار دوای جەنگی جیهانی دووەم نوێنەرەکەی لە ئیتاڵیا کشانەوە.

وەزیری فەڕەنسا بۆ کاروباری ئەوروپا بە ڕادیۆی ئاڕ تی ئێڵی وت نوێنەری فەڕەنسا بۆ ئیتاڵیا ڕۆژی هەینی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆما.

لەناوەڕاستی ساڵی 2018 ەوە پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا گرژییان تێکەوت دوای ئەوەی هەردوو جێگری سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا لویجی دی مایۆ و ماتیۆ سالڤینی ڕەخنەی توندیان لە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و حکومەتەکەی گرت، زۆربەی ئەو ڕەخنانەش لەسەر کۆچ بوون.

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆکی ئیتاڵیا دووبارە جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کردەوە و لەو کاتەوە هەردوولا هەوڵدەدەن گرژییەکانی نێوانیان کەم بکەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG