Accessibility links

ناکۆکی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا سەبارەت بە چارەسەری ململانێکانی لیبیا


خەلیفە حەفتەر لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
خەلیفە حەفتەر لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

ناکۆکییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا سەبارەت بە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی لیبیا دەرکەوتن لەکاتێکدا هەوڵەکانی سوپای ڕۆژهەڵاتی لیبیا " سوپای نیشتیمانی لیبیا " بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەڕابلسی پایتەختی لیبیا وەستا.

نەتەوە یەکگرتووەکان وتی شەڕی نێوان هێزەکانی حەفتەر و هێزەکانی سەر بە حکومەت لە تەڕابلس بۆتە هۆی کوژرانی 56 کەس و ناچارکردنی هەزاران کەسی دیکە تاوەکو ماڵەکانیان جێبهێڵن و هەڵبێن.

هەڵمەتەکەی حەفتەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەڕابلس نوێترین زنجیرەی توندوتیژییەکانە کە ڕووبەڕووی لیبیا دەبێتەوە دوای نەمانی موعەمەر قەزافی لە ساڵی 2011 دا.

دوای پێشڕەوییەکی بەرچاو لە باشوور، پێشڕەوییەکانی سوپای نیشتیمانی لیبی بە ڕابەرایەتی حەفتەر لە لێواری شارەکەدا لە دووری 11 کیلۆمەتر لە ناوەڕاستی پایتەختەوە وەستان.

بەرپرسان لە تەڕابلس وتیان زیاتر لە 190 سەربازی سوپای نیشتیمانی لیبیا بە دیل گیراون و سوپاکەیان تۆمەتبار کرد بەوەی منداڵیان لە شەڕەکەدا بەکارهێناوە. وتیشیان 116 سەربازیان لە ڕۆژئاوای تەڕابلس گرتووە و 75 سەربازیی دیکەیان لە لێواری باشووری پایتەخت دەستگیرکردووە.

لە ڕۆما ئیتاڵیا داوای لە فەڕەنسا کرد کە پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ حەفتەردا یارمەتی پێشکەشی حەفتەر نەکات، ئەمەش دوای سیاسەتمەداران وتیان پاریس کۆسپی خستۆتە بەردەم ڕاگەیاندنی بەیاننامەکەی یەکێتی ئەوروپا کە تیایدا داوا لە حەفتەر دەکات هێرشەکەی ڕابگرێت.

جێگری سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا و وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە ماتیۆ سالڤینی بە ڕادیۆی ئاڕ تی ئێڵی وت " شتێکی زۆر زۆر مەترسیدار دەبێت ئەگەر دەربکەوێت فەڕەنسا بەهۆی هۆکاری ئابووری و بازرگانییەوە کۆسپی دروستکردبێت لەبەردەم ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی ئەوروپادا و یارمەتی لایەنێکی جەنگی دابێت."

وتیشی " وەکو وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا هەروا دەستەوەستان ناوەستم و سەیر بکەم."

بەرپرسانی لیبی و فەڕەنسی دەڵێن فەڕەنسا وەبەرهێنانی نەوتی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا و پێشتریش یارمەتی سەربازیی بۆ حەفتەر دابین کردووە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا. هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکیشی هەبوو لەو جەنگەدا کە قەزافی لەناوبرد.

سالڤینی وتی " هەندێک پێیان وایە ئەو دەستوەردانە سەربازییەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە لیبیا لە ساڵی 2011 دا کە سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسا نیکۆلا سارکۆزی هانیدا، بەهۆی بەرژەوەندیی ئابووری و بازرگانییەوە بووە نەک ترسە مرۆییەکان."

وتیشی " هیوادارم هەمان فیلم نەبینینەوە دووبارە ببێتەوە."

ڕەشنووسی بەیاننامەکەی دوێنێی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت هێرشەکەی حەفتەر بۆ سەر تەڕابلس هاوڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە و کۆسپ دەخاتە بەردەم پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەکەو دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە بۆ سەر لیبیا و ناوچەکەش. فەڕەنساش ڕێگەی نەدا بەیاننامەکە بڵاوبکرێتەوە.

سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن فەڕەنسا ڕێگر نەبووە لە داواکردن لە حەفتەر تاوەکو هێرشەکانی بوەستێنێت بەڵکو ویستوویەتی هەندێک گۆڕانکاری بکرێت لە بەیاننامەکەدا و ئاماژە بە ژیانی پەنابەران بدرێت و هەروەها ئاماژە بە بوونی توندڕەوان بدرێت لە ناو ئەو هێزانەدا کە دژ بە حەفتەرن و نەتەوە یەکگرتووەکان بە تیرۆریست ناودێری کردوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG