Accessibility links

دادگایەکی فەڕەنسا بڕیاری زیندانیکردنی 3 کەس دەدات بە تاوانی هەوڵی پەیوەندیکردن بە داعش


دادگایەکی فەڕەنسا بڕیاری زیندانیکردنی 3 کەسی دا بە تاوانی هەوڵی پەیوەندیکردن بە داعش لە سوریا، ئەمەش پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکانی سەر پاریس لە ساڵی 2015.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت تاوانبارەکان بریتین لە ئەلبیرین س. تەمەن 22 ساڵ و مستەفا س. تەمەن 26 ساڵ و سەعید ی. تەمەن 32 ساڵ. هەرسێکیان دانیشتووی ناوچەیەک بوون لە نزیک شاری ستراسبۆرگی هەرێمی ئالزاس لە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە نێو گروپـێکی جیهادی بوون لە هەرێمەکەدا.

ئەم سێ کەسە لە مانگی پـێنجی ساڵی 2016 پـێکەوە فەڕەنسایان جێهێشتبوو بە ئامانجی ڕۆیشتن بۆ سوریا، بەڵام ناچاربوون بگەڕێنەوە کاتێک گەیشتبوونە سەر سنووری نێوان نەمسا و سلۆڤینیا و یەکێـکیان ناسنامەی پـێ نەبوو.

داواکاری گشتی داوایکرد سزای توندیان بەسەردا بسەپـێنرێت. گوتی ڕۆیشتن بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە داعش لە پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکانی داعش لە پاریس لە مانگی یازدەی ساڵی 2015 ، مانای پـشتیوانیکردنێکی تەواوە لەو تاوانە دڕندانەی کراون.

دادگا لە بەرامبەردا بڕیاری دا ئەلبیرین 9 ساڵ و مستەفا 8 ساڵ و سەعید 5 ساڵ زیندانیبکرێن.

بەپـێی فڕانس پـرێس سزای ئەلبیرین قورسترە، چونکە لە ساڵی 2014 چووە بۆ سوریا و لەوێ لەلایەن گروپـێکی جیهادیـیەوە مەشق و ڕاهێنانی پـێکرابوو.

بەپـێی یاسا ماوەی 10 ڕۆژ لە بەردەم تاوانبارەکانە تاوەکو داوای پـیاداچوونەوە بە سزاکانیاندا بکرێت.

XS
SM
MD
LG