Accessibility links

نەخشەداڕێژەری هێرشەکانی پاریس کوژراوە


کاربەدەسـتانی فەڕەنسا دەڵێن ئەو کەسەی گومان دەکرێت نەخشەداڕێژەری هێرشە تێرۆرسـتیـیەکانی شەوی هەینی پاریس بووبێت کوژراوە.

ئەمڕۆ پـێـنجشەممە داواکاری گشـتی پاریس لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند تەرمی عەبدولحەمید ئەباعود لەو ئەپارتمانە هەڵگیراوتەوە کە دوێنێ چوارشەممە هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەی دوونی باکوری پاریس هەڵیان‌کوتایە سەر. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی DNA بەو ئەنجامە گەیشتوون.

مانوێل فاڵس سەرۆک وەزیزی فەڕەنسا دەسـتخۆشی لە هێزەکانی ئاسایش کرد و گوتی دەزانن ئەباعود نەخشەداڕێژەری هێرشەکان بووە یان بە لایەنی کەم یەکێـک لەوانە بووە.

ئەباعود کە بە ڕەچەڵک مەغریبی و هەڵگری ڕەگەزنامەی بەلجیکی بوو، یەکێک بوو لە کەسە ناسراوەکانی کە لە ئەوروپاوە پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو. دەشڵێن دەسـتی هەبووە لە چەندان کاری تێرۆرسـتی لەسەر ئاستی جیهانیدا.

مانگی دووی سـاڵی ڕابردوو لەو دەمەی دەسەڵاتدارانی بەلجیکا بە دوایدا دەگەڕان، لە گۆڤاری دابقی داعش لەسەر ئنتەرنێت دەرکەوت و ڕایگەیاند توانیویەتی بگاتە ناو داعش لە سوریا.

ساڵی ڕابردوو باوکی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکرد پاش ئەوەی برا 13 سـاڵانەکەی خۆی بۆ نێو داعش لە سوریا بردبوو.

XS
SM
MD
LG