Accessibility links

هێرشێـکی تێرۆرستی دەکرێتە سەر کارگەیەک لە فەڕەنسا


هێرشێـکی تێرۆرسـتی کراوەتە سەر کارگەیەکی گاز لە شاری سان کۆنتان فالاڤێ لە باشوری فەڕەنسا و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کوژرانی کەسێـک و برینداربوونی چەند کەسێـکی دیکە پـشـتڕاستکراوەتەوە.

دوو کاربەدەسـتی فەڕەنسا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسیان گوتووە دوو کەس بە ئۆتۆمبیلێـکەوە لە دەروازەی ئەو کارگەکەیان داوە کە سەر بە کۆمپانیایەکی ئەمەریکایـیە و بنکەکەی لە شاری ئاڵێن تاونی ویلایەتی پەنسیلڤانیایە.

کاربەدەسـتەکان دەڵێن دوو هێرشبەرەکە پاش ئەوەی چوونەتە نێو کارگەکە ئۆتۆمبیلەکەیان بە کۆمەڵێـک بوتڵی گاز کێشاوە و تەقینەوەکە ڕوویداوە.

یەک لە هێرشبەرەکان دەسـتگیرکراوە، بەڵام هێشـتا ڕوون نیـیە هێرشبەری دووەم چی لێهاتووە.

بێرنارد کازەنۆڤ وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت دەسـتگیرکراوەکە زانیاریـیان لەسەری هەبووە کە کەسێـکی توندڕەوی ئیسلامیـیە و پـێشـتر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە، بەڵام هیچ تاوانێـکی ئەنجام نەدابوو.

کاربەدەسـتێـکی دیکەش گوتویەتی کەلە سەرێـکیان بەسەر چەپەری دەروازەی کارگەکە دۆزیتەوە کە بە نووسینی عەرەبی لەسەری نووسراوە بە هەمان شێوەی داعشەکان دەیکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بیبینێت. هەروەها دوو ئاڵایان دۆزیوتەوە کە بە عەرەبی لەسەریان نووسراوە.

فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا کە لە برۆکسلی بەلجیکا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی یەکێتی ئەوروپا دەکرد بە پەلە کۆتایی بە کۆبوونەوەکانی هێناوە و بەرەو وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە.

XS
SM
MD
LG