Accessibility links

فەڕەنسا سەروەت و سامانی دوو ئێرانی سڕدەکات


فەڕەنسا سەروەت و سامانی دوو ئێرانی سڕکرد کە گومانیان لێدەکرێت بۆ ئتیڵاعاتی ئێران کاریان کردبێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەوڵی تەقاندنەوەی بۆمبێک لە کۆنگرەکەی موجاهیدینی خەلق لە نزیک پاریس، ئەوەی لە مانگی شەش بەڕێوەچوو.

هەرسێ وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە و ئابوری فەڕەنسا ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتیان ئەو کردارە ئەوپەڕی مەترسیدارەی لەسەر خاکی وڵاتەکەیان هەوڵی بۆ درابوو ناکرێت بەبێ کاردانەوە تێپەڕببێت.

بەپـێی ڕاگەیاندنەکەی فەڕەنسا ئەم دوو کارمەندە کە یەکێکیان دپـلۆماتیشە بە ناوی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی و ئەوی دیکەیان بە ناوی سەعدی هاشمی موقەدم بۆ ماوەی شەش مانگ سەروەت و سامانیان سڕدەکرێن، ئەمەش هەتا ئەو کاتەی دادگا بڕیار لەسەر کەیسەکە دەکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران کۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە نزیک پاریسی پایتەخت سازکرد و تیایدا چەندان کەسایەتی سیاسی ئەمەریکایی ئامادەبوون.

پاش تەواوبوونی کۆنگرەکە دەسەڵاتدارانی بەلجیکا و فەڕەنسا ئاشکرایان کرد پلانێک هەبووە بۆ تەقاندنەوەی بۆمب لە کۆنگرەکەدا، بەڵام پوچەڵیان کردووەتەوە و ژمارەیەک کەسیان لەسەر دەستگیرکردووە، لەوانە دیپـلۆماتێکی ئێرانی کە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ڤیەننا کاری دەکرد لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا.

XS
SM
MD
LG