سەرۆکی فەڕەنسا ئاشکرای کرد وڵاتەکەی چەکی قورس بە عێراق دەدات بۆ شەڕی داعش و پشـتیوانی لە هاوپەیمانانیان دەکەن لە عێراق و سوریا و ڕاوێژکار و ڕاهێنەریان بۆ دابین دەکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزی زەمینی ڕەوانە ناکەن.
ئەمڕۆ هەینی لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی بەرگری لە کۆشـکی ئێلیزێ، فڕانسوا ئۆلاند بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند فەڕەنسا وەکو بەشێـک لە هاوپەیمانێتی دژی داعش بڕیاری داوە چەک بۆ هێزەکانی عێراق دابین بکات و گوتی ئەو چەکانە مانگی داهاتوو دەگەنە عێراق.
یاریدەدەرێـکی سەرۆکی فەڕەنسا بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت لە نێو ئەو چەکە قورسانە چەند یەکەیەکی تۆپـخانە ڕەوانەدەکرێن لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازی تاوەکو ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان بکەن.
ئۆلاند باسی لەوەش کرد لە کۆتایی مانگی نۆ کەشتی فڕۆکە هەڵگری چارڵ دی گۆل بۆ ناوچەکە ڕەوانەدەکرێت. گوتی بەمە دەتوانین هێرشە ئاسمانیـیەکانمان لە سوریا و عێراق لە دژی ئەم گروپە تێرۆرستیـیە زیاتربکەین.
سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەوە کرد ئەم هەنگاوەیان مانای گۆڕانکاری نیـیە لە شێوازی کاری لەشکری فەڕەنسا لە ناوچەکەدا.