Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا: هێرشە ئاسمانیـیەکانی سەر داعش خێراتردەکرێن


سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بڕیاریان داوە هێرشە ئاسمانیـیەکانیان بۆ سەر داعش لە عێراق و سوریا زیاتر و خێراتربکەن.

فڕانسوا ئۆلاند ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی لەگەڵ دیپـلۆماتانی وڵاتەکەی لە کۆشکی ئێلێزێ ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی فەڕەنسا ڕۆڵێـکی تەواو لەم ئەرکەدا دەبینێت.

ئەم لێدوانەی ئۆلاند پاش ئەوە دێت کە وەزیرانی بەرگری حەوت وڵاتی بەشدار لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی سەر داعش ڕۆژی چوارشەممە لە پاریس کۆبوونەوەیەکیان سـازکرد بە مەبەستی تاووتوێکردنی دوایـین پـێشـهاتەکانی شەڕەکە.

ئۆلاند باسی لەوەش کرد کە لە میانەی ئەو کۆبوونەوەیە جەختکراوەتەوە سەر سـتراتیژیـیەتی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە لە سوریا و شاری موسڵ لە عێراق، هەروەها جەختیش لەوە کراوەتەوە کە وڵاتانی هاوپەیمانان خوازیارن پشـتگیری لە هێزە عەرەبی و کوردیـیەکان بۆ ئەم مەبەستە بکەن. گوتی " ئەو کارە پـێویستە بکرێت ئەگەر بمانەوێت ئەو دوو شارە و هەموو ناوچەکانی سوریا و عێراق لە دەستی دەسـتی داعشدا ڕزگاربکرێن."

سەرۆکی فەڕەنسا هەروەها گوتی داعش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت و دووچاری شکست دەبێتەوە، بەڵام هێشـتا دڕندانە هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سیڤیل.

جێی ئاماژەیە وەزیری بەرگری ئەمەریکاش باسی لەوە کرد کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ستراتیژیەتێـکی نوێ دادەنێت بۆ خێراکردن لە پـرۆسەی لەناوبردنی داعش لە عێراق و سوریا.

ئاشتۆن کارتەر ڕۆژی چوارشەممە لە پاریس لە میانەی گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جان ئیف لودغیان هاوتا فەڕەنسایـیەکەی ئەمەی ئاشکراکرد و گوتی پاش سێ هەفتەی دیکە 26 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانێتیـیەکە لەگەڵ عێراق بەشداری کۆبوونەوەیەک لە برۆکسل دەکەن بۆ تاووتوێکردن پـلانەکان بۆ ئەم مەبەستە.

XS
SM
MD
LG