وەزیری دارایی فەڕەنسا برونو لومێخ داوای لە ئەمەریکا کرد کۆتایی بە ناکۆکییە بازرگانییەکان بهێنێت لەگەڵ ئەوروپادا، جەختیشی لەوە کردەوە فەڕەنسا و یەکێتیەکی ئەوروپای بەهێز لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی فرانس پرێس، لومێج وتی " پەیامی من بۆ بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا لەسەر ئەم کێشە بازرگانیانە زۆر ڕوونە. با بەزووترین کات کۆتایی بەم گرژییانە بهێنین لەنێوان ئەمەریکا و ئەوروپادا."
ناکۆکییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا لەسەر پۆڵا و ئەلەمینۆمە.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە مانگی شەشی ساڵی 2018 دا لە سەدا 25 باجی گومرگی خستەسەر پۆڵا و لە سەدا 10 باجی گومرگی خستەسەر ئەلەمینۆم، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نیگەرانیەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەوروپا وەڵام بداتەوە.
لومێخ وتی " ئێستا پێشڕەوییەک هەیە لە گفتوگۆ بازرگانییەکاندا، بەڵام هێشتا بەربەست ماون."
ئەمەریکا و ئەوروپا تاوەکو 1 ی مانگی دوانزەیان لەبەردەستدایە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن.
لومێخ پێشنیاری ئەوەیکرد ئەمەریکا و ئەوروپا لە چەند مانگێکی کەمدا هەوڵ بدەن چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسی جەنگێکی بازرگانی بەدووربگرن.
وتی " ململانێکان پێویست نین. "
جەختیشی لەوە کردەوە " ئەوروپایەک کە زیاتر سەربەخۆ بێت و تەکنەلۆجیای خۆی هەبێت، ئەوە دژی ئەمەریکا نیە، ئەوە باشە بۆ ئەمەریکا."
وتیشی " فەڕەنسا هاوپەیمانێکی متمانەپێکرا و بەهێزی ئەمەریکایە لە ئەوروپادا، شوێنێکی گرنگیشە بۆ وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا، بەڵام بەداخەوە پەیامەکە هەمووکات لە واشتن بەوشێوەیە لایان ڕوون نیە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس