Accessibility links

فەڕەنسا داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات تاوتوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا بکەن


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد دانوستانی بەپەلە بکەن لەسەر پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان یەکێتیەکە و تورکیا، ئەمەش دوای ئەوەی فەڕەنسا ڕەخنەی توندی لە ڕۆڵی تورکیا گرت لە لیبیا.

لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆ گرژیی تێکەوت. فەڕەنسا ڕەخنەی توندی لە پشتیوانیە سەربازییەکانی تورکیا گرت بۆ حکومەتی لیبیا و هەروەها ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە قەیرانی سوریادا. لەلایەکی دیکەشەوە پڕۆسەکانی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای نەوت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست خاڵی ناکۆکیی نێوان دوو وڵاتەکەیە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی " فەڕەنسا پێی وایە پێویستە یەکێتی ئەوروپا بەزووترین کات ئەم بابەتە گرنگە تاوتوێ بکات، بەڵام دەبێت هیچ شتێک بەدوور نەزانێت، ڕاشکاوانە تاوتوێی پەیوەندییەکانی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا بکات لەگەڵ تورکیا."

وتیشی پێویستە یەکێتی ئەوروپا بە توندی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی " تورکیا یارییەکی مەترسیدار دەکات لە لیبیا." هەروەها وتیشی " ئەو ڕۆڵەی تورکیا لە لیبیا دەیگێڕێت ئێمە قبوڵی ناکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG