Accessibility links

بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەڕەنسا


دەنگدەرانی فەڕەنسایی لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکە بە ڕێژەیەکی زۆر دەرکەوتنەوە، دەکرێت لە هەڵبژاردنەکاندا پارتی ڕاستی توندڕەوی گردبوونەوەی نیشتیمانی وەکو بەهێزترین پارتی سیاسیی دەربکەوێت و زیانێکی گەورە بە دەسەڵاتەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بگەیەنێت.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا وتی تاوەکو نیوەڕۆ ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکەدا لە سەدا 26.3 بووە، دەزگای ڕاپرسی هاریس ئینتەرئاکتیڤ و ئایپسۆس دەڵێت لە ساڵی 1981 ەوە ئەمە یەکەمین جارە ڕێژەی دەنگدەران تاوەکو نیوەڕۆ ئەوەندە زۆر بووبێت.

نوێترین ڕاپرسییەکان پێشبینی دەکەن پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی زۆرترینی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست دەهێنێت، بەڵام پێشبینی ئەوەشییان کردووە کە ڕەنگە بە تەواوەتی زۆرینە نەبن. پەرلەمانێکی هەڵواسراو ڕەنگە ببێتە هۆی درێژبوونەوەی ماوەی ناسەقامگیری و چەقبەستوویی سیاسیی لە فەڕەنسای دووەم گەورەترین ئابووری ئەوروپادا.

ئەگەر گردبوونەوەی نیشتیمانی نەتەوە پەرست و دژە کۆچ زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست بهێنن، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی یەکەمین حکومەتی ڕاستی توندڕەو لە فەڕەنسا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، هەروەها سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا دەهەژێنێت لە کاتێکدا کە پارتە پۆپیولیستەکان تا دێت پشتیوانی زیاتر بە دەست دەهێنن لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا.

دەنگدانەکە کاتژمێر 6 ی ئێوارە لە شارۆچکە و شارە بچووکەکان کۆتایی دێت، لە شارە گەورەکانیش کاتژمێر 8 ی ئێوارە تەواو دەبێت.

پارتەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا بەرامبەر پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی شکستی هێنا، ماکرۆن دەستبەجێ داوای هەڵبژاردنێکی بەپەلەی کرد.

هاووڵاتییەکی خانەنشینکراو، ئۆلیڤیێەر گریساڵ، کاتێک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچوو لە شارۆچکەی کۆنفلانس سەینت هۆنۆرینی ڕۆژئاوای پاریس وتی " وڵاتەکە ڕووبەڕووی سێ تێڕوانینی دژ بە یەکی کۆمەڵگە بووەتەوە."

ڕاپرسییەکان پێشبینی دەکەن پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی مارین لوپین وەکو هێزێکی باڵا دەردەکەوێت لە کاتێکدا کە دەنگدەران سزای ماکرۆن دەدەن لەسەر گرانی و دوورکەوتنەوەی لە خەڵکە ماندووەکە.

بەڵام ڕاپرسییەکان پێشبینی دەکەن گردبوونەوەی نیشتیمانی نەگاتە 289 کورسییەکەی کە پێویستە بۆ ئەوەی ببنە زۆرینە لە پەرلەمان و ئەوەشی کە مارین لوپین بتوانێت جۆردان باردێلای هاوەڵی بکات بە سەرۆک وەزیری فەڕەنسا.

لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا توندوتیژییە سیاسییەکان زیادییان کردووە. وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیراڵد دارمانین وتوویەتی کە بەرپرسان زیاتر لە 50 حاڵەتی هێرشی جەستەییان بۆ سەر کاندید و هەڵمەتکاران تۆمار کردووە.

دارمانین وتی 30,000 پۆلیس بڵاودەکاتەوە، ئەوەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە کەوتنەوەی خۆپیشاندانی توندوتیژ ئەگەر گردبوونەوەی نیشتیمانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.

گردبوونەوەی نیشتیمانی کە بۆ زۆرێک مێژووی هەیە لە ڕەگەزپەرستی و هەستی دژە جوودا، هەوڵییانداوە سوود وەربگرن لە توڕەیی دەنگدەران لە ماکرۆن ، خەڵکەکە ناڕازین لە ماکرۆن لەسەر گرانبوونی خەرجییەکان و ئاسایش و نیگەرانییەکان لەسەر کۆچ.

لوپین وتی " گەلی فەڕەنسا ئارەزوویەکی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ گۆڕان."

وتیشی ئەنجامی کۆتایی هەرچییەک بێت، وادیارە کە ئەجێندا سیاسییەکەی ماکرۆن ئێستا مردبێت، سێ ساڵ پێش تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG