Accessibility links

سەرۆکی نوێی فەڕەنسا ئەندامی پارتێـکی دیکە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت دەسـتنیشان دەکات


سەرۆکی نوێی فەڕەنسا کەسێـکی دەرەوەی پارتەکەی خۆی بۆ گرتنەدەستی پـۆستی سەرۆک وەزیری وڵاتەکەی دەسـتنیشانکرد، ئەمەش یەکەم جارە لە پاش شەڕی دووەمی جیهانیـیەوە سەرۆکی فەڕەنسا ئەندامی پارتێـکی دیکە بۆ ئەو پـۆستە گرنگەی وڵاتەکە دابنێت.

ئیمانوێل ماکرۆن کە لە پارتی "بەرەو پـێشەوەی" ناوەڕاستی لیبراڵە، ئەمڕۆ دووشەممە بەر لەوەی بەرەو بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێبکەوێت داوای لە ئێوارد فلیپ کرد کە کەسێـکی میانڕەوی نێو پارتی کۆماریـیە، حکومەتی نوێی فەڕەنسا پـێـکبهێنێت.

ئێوارد فلیپ تەمەن 46 ساڵ کە بڕوانامەی لە زانستە سیاسیـیەکان هەیە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە پارتی سۆسیالست بوو و پاشان لە ساڵی 2002 چووە ناو پارتی "یەکێتی لە پـێناو بزوتنەوەی گەل" و دواتر لە ساڵی 2015 چووە ناو پارتی کۆماریـیەوە.

پـۆستی سەرۆکی شارەوانی شاری هاڤرێ لە باکوری ڕۆژئاوای گرتووەتە دەست و پـێشتر یاریدەدەری ئالان ژوپـپێ سەرۆک وەزیری پێشووتر بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە نێو فەڕەنسایـیەکان کەسێـکی زۆر ناسراو نیـیە.

لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەڵوێستی بەرامبەر فڕانسوا فیۆن کاندیدی پارتەکەیان بۆ سەرۆکایەتی گۆڕی پاش ئەو ڕاپـۆرتانەی بڵاوبوونەوە کە باسیان لە گەندەڵی دەکرد لەو کاتەی لە نێوان ساڵانی 1998 هەتا ساڵی 2002 لە پەرلەمان بوو. لە پاش خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان داوای لە فەڕەنسایـیەکان کرد دەنگ بە ماکرۆن بدەن.

XS
SM
MD
LG