هاوسەر و دوو منداڵی مەنگ هۆنگوەی سەرۆکی پـێشووی پـۆلیسی نێودەوڵەتی (ئنتەرپول)، ئەوەی لە میانەی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی(چین) دەستگیرکرا، مافی پەنابەری سیاسیان لە فەڕەنسا وەرگرت.
ئیمانۆئێل مارسینی پارێزەری خێزانەکە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئاشکراکرد گرێس مەنگ، هاوسەری مەنگ هۆنگوەی لەگەڵ هەردوو کوڕە دووانەکەی کە تەمەنیان 7 ساڵە لە 2 ی مانگی پـێنجەوە مافی پەنابەری سیاسیان لە فەڕەنسا وەرگرتووە.
خانم گرێس مەنگ بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت ئەم بڕیارە سەرەتای ژیانێکی نوێـیە بۆ خۆی و هەردوو کوڕەکەی. گوتیشی ئەگەر فەڕەنسا پارێزگاری لێنەکردایە ئەوا لە مێژەوە کوژرابوو.
جێی وەبیرهێنانەوەیە مەنگ هۆنگوەی لە کۆتایی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە شاری لیۆنی فەڕەنساوە گەڕایەوە بۆ چین، بەڵام لەوێ لەلایەن ئاسایشی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکرا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل. هاوسەرەکەی دەڵێت کاربەدەستانی چین هیچ بەڵگەیەکیان نەخستووەتە ڕوو تۆمەتەکانیان لە دژی مەنگ هۆنگوەی بسەلمێنێت.
مەنگ هۆنگوەی یەکەم چینیـیە ببێتە سەرۆکی ئنتەرپـول و بەر لەوەی لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 ئەم پـۆستە نێودەوڵەتیـیە بگرێتەدەست، جێگری وەزیری ئاسایشی گشتی چین بووە و ڕەخنەگرانی دەڵێن بەوەش دەسەڵاتی بەسەر پـۆلیسی نهێنی چینیدا هەبووە.
ئنتەرپـوڵ بارەگاکەی لە شاری لیۆنی فەڕەنسایە و دەزگاکانی پـۆلیس و ئاسایشی 192 وڵات پەیوەندیـیان پـێوەی هەیە وە هەموو چوار ساڵ جارێک سەرۆکێکی نوێی بۆ هەڵدەبژێردرێت.