ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا ڕایگەیاند لەگەڵ هاوبەشەکانیدا کاردەکات لەسەر وەڵامدانەوەیەکی بەهێز، ئەوەش دوای ئەوەی وتی ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بێ بیانووی لە ناگۆرنۆ کاراباخ ئەنجامداوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی " فەڕەنسا داوا لە ئازەربایجان دەکات دەستبەجێ هێرشەکەی ڕابگرێت و بگەڕێتەوە سەر ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی."
وتیشی " فەڕەنسا تەنها ئازەربایجان بە بەرپرس دادەنێت لە چارەنووسی دانیشتوانی سڤیلی ناگۆرنۆ کاراباخ."
هەروەها داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
فەڕەنسا، لەگەڵ ئەمەریکا و ڕووسیادا بە هاوبەشی سەرۆکایەتی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی گروپی مینسکی ئەوروپا دەکەن کە نێوەندگری دەکات لە بابەتی ناگۆرنۆ کاراباخدا.
وەزارەتەکە وتیشی " فەڕەنسا لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوبەشە ئەوروپاییەکانیدا کاردەکات بۆ ئامادەکردنی وەڵامدانەوەیەکی بەهێز بۆ ئەم هێرشە قبوڵنەکراوە، وەڵامەکە گونجاو دەبێت لەگەڵ ئەو مەترسیانەدا کە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروستی دەکات."
ڕۆژی سێشەممە ئازەربایجان " چالاکییەکی دژ بە تیرۆریستانی " لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ دەستپێکرد، وتی ئامانج لە چالاکییەکانی گەڕاندنەوەی سەروەریی دەستوورە و دوورخستنەوەی پێکهاتە سەربازییەکانی ئەرمینیایە لە هەرێمەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
فەڕەنسا و هاوبەشەکانی ئامادەکاری دەکەن بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئازەربایجان