Accessibility links

فەرەنسا جارێکی تر سنوری خۆی لەگەڵ بەریتانیادا دەکاتەوە


ڕۆژی چوارشەممە فەرنسا دەستیکردەوە بەوەی جارێکی تر ڕێگەبدات خەڵکی لە بەریتانیاوە بچنە ناو وڵاتەکەی پاش چەند ڕۆژێک لەوەی فەرەنساو وڵاتانی تری ئەوروپاش قەدەغەکردنی هاتوچۆیان لەگەڵ بەریتانیا ڕاگەیاندبوو بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی شێوازە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا بڵاوبۆتەوە.

ئەوانەی کە دەڕۆنە ناو فەرەنساوە پێویستە بەڵگەی ئەنجامی نەرێنی تاقیکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێبێت کە کەمتر لە 72 کاتژمێر پێشتر ئەنجام درابێت.

قەدەغەکردنی هاتوچۆ نەک تەنها ڕێگری لە هاتوچۆی خەڵکی کردبوو لە نێوان سنوری هەردوو وڵاتدا، بەڵکو بووە هۆی ئاڵۆزییەکی زۆری گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان هەردوو وڵاتدا و مەترسیی کەمبوونەوەی خۆراک و کەلوپەلی تری دروست کرد.

بەریتانیا، فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا شەوی سێشەممە گەیشتنە ڕێککەوتنێک تا ڕێگە خۆشبکرێت بۆ نە‌هێشتنی ئەو قەدەغەکردنی هاتوچۆیە.

کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشتر پێشنیازی ئەوەی کردبوو سنورەکان بکرێنەوە کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە داخرابوون بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوو لەم کاتەدا گەشتە ناپێویستەکان لە بەریتانیاوە و بۆ بەریتانیا ڕابگیرێن.

کاربەدەستانی بەریتانیا لە هەفتەی ڕابوردوو شێوازێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە وڵاتەکەدا بەدیکرد و لەوبارەیەوە لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا کار دەکەن. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئەم جۆرەیان زۆر خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی دووشەممەدا ئاماژەیان بەوەکرد هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت ئەم جۆرەیان کوشندەترە.

کاربەدەستان دەڵێن ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە و باشترین شتیش بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەیەتی.

کاربەدەستانی ئەوروپا دەڵێن چەند حاڵەتێکی ئەو جۆرە نوێیە لە بەلجیکا، دانیمارک، ئیتالیا و هۆڵەندا بەدیکراوە.

سەرۆکی ئینستتوتی ڕۆبەرت کۆچ بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە درمییەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیانەی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا بڵاوبۆتەوە شیانی هەیە لە ئەڵمانیاش بڵاوبوبێتەوە.

XS
SM
MD
LG